50 وەبەرهێنەری کورد و عێراقی بەشداری لە لووتکەی وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکەن

رووداو - ئەمریکا

لووتکەی (ئەمریکا هەڵبژێرە بۆ وەبەرهێنان)  لە ویلایەتی مێریلاندی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا نزیکەی 5 هەزار وەبەرهێنەر و بەرپرسی ئابووری و وەبەرهێنانی وڵاتان بەشدارن. لەنێو بەشداربوواندا، 50 وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادەن.
 
وەبەرهێنەرە کوردەکان کە لەڕێگەی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەی ئەمریکاوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراون، دوو ئامانجی سەرەکییان هەیە: "یەکەمیان دۆزینەوەی دەرفەتی وەبەرهێنانە لە ئەمریکا، دووەمیشیان سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی وەبەرهێنان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆ گواستنەوەی ئەو ئەزموونە و پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان."
 
گەیلان محەممەد، یەکێک لە وەبەرهێنەرە بەشداربووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''وەک دیارە، ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە لە لووتکەی (ئەمریکا هەڵبژێرە). ئەمەش بۆ دروستکردنی دەرفەتی گەورەترە لە نێوان وەبەرهێنەرانی جیهان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا. ئێمەش وەک کۆمپانیاکەمان بە باشمان زانی لەم لووتکەیەدا بەشداربین، هیچ نەبێت بیرۆکەیەکی باشتر وەربگرین تاوەکو خزمەتی وڵاتەکەمانى پێبکەین. لێرە چەندین کۆمپانیای نوێ دەناسین و چەندین بیرۆکەی نوێ ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئێمەش دەرفەتی باشمان دەبێت بۆ سوودمەندبوون تاوەکو خزمەتی وڵاتی خۆمانی پێبکەین.''
 
لووتکەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت: بەشێکیان تایبەتە بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و کۆنفرانسی گەورە، بەشەکەی دیکەش بۆ پێشکێشکردنی زانیارییە سەبارەت بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا.
 
ویلایەتی کالیفۆرنیا کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ویلایەتەکانی ئەمریکا دادەنرێت و ئەگەر وڵاتێکی سەربەخۆ بووایە دەبووە چوارەمین گەورەترین ئابووریی جیهان، بووسێکی تایبەت بە خۆی لە لووتکەکەدا هەیە.
 
کانی ستۆفەر، بەڕێوەبەری هاوپەیمانیی ئابووری لە کالیفۆرنیا، لەبارەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە ویلایەتەکەیان بە رووداوی گوت: ''ئەمڕۆ سەکۆی کالیفۆرنیا زۆر قەرەباڵخ بوو. کالیفۆرنیا نوێنەرایەتیی چوارەمین گەورەترین بازرگانی لە جیهاندا دەکات. ئێمە چەندین دەرفەتی بازرگانیی جیهانیمان هەیە و کۆمەڵگەیەکی زۆر هەمەڕەنگیشمان هەیە. خەڵکی هەموو وڵاتان، لەنێویاندا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە کالیفۆڕنیا دەژین، بۆیەش باشترین بەهرەمەندەکانی کارمان هەیە. لەڕووی توێژینەوە و پەرەپێدانەوە (R&D) یەکەمین لە ئەمریکا. بۆیە ئەو بازرگانانەی دەیانەوێت پەرەپێدان یان وەبەرهێنانی نوێ لە ئەمریکا بکەن، یانیش داهێنانێکی نوێ بکەن، هەموو ئەو کارانە لە کالیفۆڕنیا دەکرێن. بۆیە دڵخۆشین هەموو ئەوانە پێشکێش بکەین و بازرگانییەکان بەیەکەوە ببەستینەوە و هاوکاریان بین لە ئەمریکا گەشە بکەن.''
 
ئەم لووتکەیە ساڵانە لە ناشناڵ هاربەر لە ویلایەتی مێریلاند، کە تەنیا چەند میلێک لە کۆشکی سپییەوە دوورە، بەڕێوەدەچێت. لووتکەی ئەمساڵ رۆژی 11ی ئایار دەستیپێکردووە و تاوەکو 14ی ئایار بەردەوام دەبێت. ئامانجی سەرەکیی لووتکەکە راکێشانی وەبەرهێنانی بیانییە بۆ ئەمریکا و دروستکردنی پردی پەیوەندییە لەنێوان وەبەرهێنەرانی جیهان و ئەمریکادا.