ترەمپ: ئامادەم بچمە تورکیا ئەگەر پووتینیش بێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئامادەیە سەردانی تورکیا بکات و بەشداری لە دانوستاندنەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، بەڵام بەو مەرجەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش ئامادە بێت.

رۆژی چوارشەممە، 14ی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکە تایبەتەکەی و لە رێگەی چوونی لە سعودیەوە بۆ قەتەر رایگەیاند، "نازانم ئەو [پووتین] لەوێ دەبێت ئەگەر من لەوێ نەبم. دەزانم ئەو حەز دەکات من لەوێ بم، ئەوەش ئەگەرێکە. ئەگەر بتوانین کۆتایی بە جەنگەکە بهێنین، بیر لەوە دەکەمەوە."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر بڕیاربووە رۆژی پێنجشەممە لە گەشتی سێیەم و کۆتایی خۆیدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی ئیمارات بکات، بەڵام کاتێک پرسیاری سەردانی تورکیای لێکرا، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەوە بەو مانایە نییە کە لە پێناو پاراستنی ژمارەیەکی زۆر لە ژیانی خەڵک، ئەو سەردانە ناکەم."
 
بڕیارە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی هەینی سەردانی ئیستەنبووڵ بکات. لەبارەی چوونی شاندی ئەمریکا بۆ تورکیا، ترەمپ گوتی "مارکۆ دەڕوات و مارکۆ زۆر کاریگەر بووە."
 
رووسیا رایگەیاند کە شاندی وڵاتەکەی رۆژی پێنجشەممە لە ئیستەنبووڵ دەبێت، بەڵام تائێستا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەبارەی ئەوەی کێ نوێنەرایەتیی مۆسکۆ دەکات لە دانوستاندنەکانی تورکیا، کە یەکەم دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لەو کاتەی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستیپێکردووە. 
 
رۆژی دووشەممە، ڤۆلۆدمێر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا، دەستپێشخەرییەکی پێشکێشی پووتین کرد و رایگەیاند، ئەو رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا چاوەڕێی دەکات و داواشی لە ترەمپ کرد ئامادەی گفتوگۆکان بێت.  
 
هەفتەی رابردوو، پووتین پێشنیازی کرد رۆژی پێنجشەممە 15ی مانگ ئۆکراینا و رووسیا گفتوگۆی راستەخۆ بە نێوەندگیریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکەن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دەستپێشخەرییەکەی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا، کە داوای 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرجیان کردبوو.