ترەمپ: پێموایە رێگەی دیپلۆماسیی ئێران سەرکەوتوو دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ میری قەتەر گوتی، پێشبینی دەکات کە رێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران "سەرکەوتوو دەبێت".
 
رۆژی چوارشەممە 14-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر لە دەوحە کۆبوونەوە و چەند رێککەوتنێکی گرانبەهایان واژۆکرد.
 
دوای رێوڕەسمی واژۆکردن، ترەمپ سوپاسی پێشوازییە گەرمەکەی قەتەری کرد و باسی ناوچەکەشی کرد. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "کۆبوونەوەیەکی ناوازەمان کرد؛ نزیکەی دوو کاژێر باسی جیهان، ئۆکراینا و رووسیامان کرد. ئێوە زۆر یارمەتی ئێمەتان دا و تاوتوێی ئێرانیشمان کرد."
 
لەبارەی ئێرانەوە ترەمپ گوتی: "دۆخی ئێران باش دەبێت، پێموایە رێگەی دیپلۆماسی [لەگەڵ ئێران] سەرکەوتوو دەبێت."
 
ئال سانی گوتی: "لە کۆبوونەوەیەکی نایاب باسی چەندین پرسمان کرد کە لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵی و دۆخی ناوچەکە بوون."
 
لەوکاتەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دەستبەکاربووەتەوە، تیمی ئەمریکا و ئێران بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پەیوەندی و دانوستاندنی بەردەوامدان، مژارەکەش بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە.
 
شاندی هەردوولا تاوەکو ئێستا چوار جار؛ سێ جار لە عومان و جارێک لە ئیتاڵیا کۆبوونەتەوە و هەردوولا پەیامی ئەرێنییان لەسەر دانوستاندنەکان هەبوو.
 
ئەمریکا دەڵێت، دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێت، ئێرانیش دەڵێت، دانوستاندن لەسەر ئەوە ناکەن.
 
پێش ئەو لێدوانە، ترەمپ داوایکرد سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت.
 
دوێنێ سێشەممە ترەمپ لە لووتکەیەکی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ریاز گوتی: "دەمەوێت رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا بکەم. دەمەوێت شتێک بکەم، ئەگەر بکرێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە رووبدات، ئێران مەرجە لە سپۆنسەرکردنی تیرۆر بوەستێت، جەنگە خوێناوییەکانی رابگرێت کە بە گرووپە بەوەکالەتەکان دەیکات و واز لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی بهێنێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "بە رژدی داوا لە هەموو وڵاتان دەکەم کە لەگەڵمان بن بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو سزایانە جێبەجێ بکەم کە بەسەر ئێرانمان سەپاندوون."
 
لە ساڵی 2018 لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە و دەستی بە سەپاندنی سزاکانی کردەوە؛ هەروەها رێگری کرد لەوەی هیچ وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێت.
 
دانوستاندن لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تاران ئەم هەفتەیە دەست بە دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا دەکات و کۆبوونەوەکان لە تورکیا دەکرێن. 
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ئەم هەینییە کۆبوونەوە لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئیستەنبووڵ دەکرێت.
 
چەند دیپلۆماتێکی فەرەنسی هەمان هەواڵیان پشتڕاستکردەوە، بەڵام هێشتا لەندەن و بەرلین هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی "جێگری وەزیرانی دەرەوە" دەبن. عێراقچی گوتی: "لەکاتێکدا ئێمە لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبین، ئامادەشین گفتوگۆ لەگەڵ ئەورووپییەکان بکەین. بەداخەوە، ئەورووپییەکان بە سیاسەتەکانیان، خۆیان گۆشەگیر کرد لە گفتوگۆکان."