تورکیا دەچێتە ناو هاوپەیمانیی بەرگریی پاکستان - سعودیە؟

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی پاکستان پەیامێکی گرنگی ئاراستەی تورکیا و قەتەر کرد سەبارەت بە بەشداربوونیان لە "رێککەوتنی ستراتیژیی بەرگریی هاوبەش"، کە بەپێی رێککەوتنەکە هەر هێرشێک بۆ سەر لایەنێکیان، وەک هێرش بۆ سەر لایەنەکانی دیکە هەژمار دەکرێت.
 
خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە بەشداربوونی تورکیا و قەتەر دەکات لەو رێککەوتنە بەرگرییەی کە لە نێوان ئیسلام ئاباد و ریازدا واژۆ کراوە. گوتیشی: "ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی سیستمێکی نوێ لە ناوچەکەدا کە پشتبەستن بە هێزە دەرەکییەکان بۆ کەمترین ئاست کەمدەکاتەوە."
 
وەزیری بەرگریی پاکستان جەختی لەوە کردەوە، ئەم هاوپەیمانییە دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو ئامانجی پاراستنی ئاشتیی ناوچەیی و بەهێزکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵە لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە "هاوبیر و هاوئاڕاستەن."
 
بوونی هاوپەیمانییەکی بەرگری لەم جۆرە، هاوتەریبە لەگەڵ دیدگەی دیپلۆماسی تورکیا کە بە "خاوەندارێتی ناوچەیی" دەناسرێت، ئامانج لێی چارەسەرکردنی پرسە ناوچەییەکانە لەسەر دەستی وڵاتانی ناوچەکە. بۆ ئەم مەبەستە تورکیا بەرەی ئەنقەرە-ریاز-ئیسلامئاباد-قاهیرەی پێکهێناوە و تائێستا سێ کۆبوونەوەی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کردووە. 
 
ئەگەریی چوونی تورکیا بۆ ناو رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی نێوان ئیسلامئاباد و ریاز، چەند رەهەندێکی نوێی جیهانی و ناوچەیی دەبێط.
 
ئەم فراوانبوونە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی جەمسەرێکی سەربازی و سیاسیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا، کە تێیدا پێگەی هێز و کاریگەریی ستراتیژیی تورکیا وەک دەوڵەتێکی سەرەکی لەم هێڵەدا بەهێزتر دەکات. ئەمەش بە دروستبوونی بلۆکێکی نوێی جیۆپۆلەتیک لەقەڵەمدەدرێت.
 
ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە، پاراستنی سەقامگیری و پەرەپێدانی بەرگریی بەکۆمەڵە لە دژی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، کە ئەمەش ئاسایشی هاوبەشی وڵاتانی ئەندام لە بەرامبەر ئاڵۆزییەکاندا گەرەنتی دەکات. 
 
ئەم هەنگاوە وەک گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دەبینرێت؛ لە کاتێکدا ئەنقەرە ئەندامێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسییە (NATO)، لە هەمان کاتدا بە دوای دۆزینەوەی بژارەی جێگرەوە و هاوپەیمانیی نوێی سەربازیدا دەگەڕێت بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی بڕیارە سیاسییەکانی.
 
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی تورکیا نەچووەتە ناو هاوپەیمانییەکەوە
 
شارەزایانی سەربازی پێیانوایە بەستنەوەی هێزی سەربازیی تورکیا بە سەرمایەی دارایی سعودیە و قورسایی ئەتۆمی و مرۆیی پاکستان، دەتوانێت گەورەترین بلۆکی سەربازیی دەرەوەی ناتۆ لە ناوچەکەدا دروست بکات.
 
ئەم هەنگاوە لە لایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەبینرێت، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و پیشەسازیی بەرگریدا.
 
رێککەوتننامەکەی نێوان پاکستان-سعودیە کە لە 17ی ئەیلوولی 2025 واژۆ کراوە، بڕگەیەکی هاوشێوەی بڕگەی پێنجی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ی تێدایە، کە دەڵێت: "هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، وەک هێرش بۆ سەر وڵاتانی دیکەی ناو رێککەوتنەکە ئەژمار دەکرێت."