ئەمریکا تاوەکو ئێستا ڤیزەی بە هەڵبژاردەی ئێران نەداوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ ڤیزەیەک بە هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەیان نەدراوە بۆ ئەوەی گەشت بکەن بۆ ئەمریکا و بەشداری لە جامی جیهانیی 2026ـدا بکەن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لەسەر زاری مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڵاویکردەوە: "سبەی یان دووسبەی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ فیفا (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ) دەکەین. دەبێت ئەوان گرەنتیمان پێبدەن، چونکە پرسی ڤیزە هێشتا چارەسەر نەکراوە."
هەروەها گوتیشی: "هیچ لیستێکمان لە لایەنی بەرامبەرەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانەی ڤیزەیان پێدراوە. بۆیە تاوەکو ئێستا هیچ ڤیزەیەک دەرنەکراوە."
بەگوتەی مەهدی تاج، پێشبینی دەکرا یاریزانەکان بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆر لە چوارچێوەی رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزەدا، گەشت بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بکەن. لەم بارەیەوە گوتی: "دەبێت یاریزانەکان بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆر بچنە ئەنقەرە، بەڵام هەوڵدەدەین رێکارەکان لە ئەنتاڵیا تەواو بکەین بۆ ئەوەی پێویست بە گەشتکردن بۆ ئەنقەرە نەکات."
لە 28ـی شوباتەوە، ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕدایە، کە لێکەوتەکانی گەیشتوونەتە وڵاتانی کەنداویش، ئەمەش سەرەڕای هەبوونی ئاگربەستێک کە لە 8ـی نیسانەوە راگەیێندراوە.
لە ساڵی 1980ـەوە و دوای قەیرانی بارمتەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەنێوان ئێران و واشنتن نەماون.
رۆژی چوارشەممە، ئێران ئاهەنگێکی بەڕێکردنی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی رێکخست، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەشداریکردن لە جامی جیهانیی 2026 کە لەلایەن ئەمریکا، مەکسیک و کەنەداوە میوانداری دەکرێت.
لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی جیهانیدا، بنکەی مانەوەی هەڵبژاردەی ئێران کە لە ناوخۆدا بە "تیم ملی" ناسراوە، لە شاری توکسۆن لە ویلایەتی ئەریزۆنا دەبێت.
ئێرانییەکان یەکەمین یاریی خۆیان لە پاڵەوانێتییەکەدا لە 15ـی حوزەیران لە شاری لۆس ئەنجلس بەرامبەر هەڵبژاردەی نیووزیلاند دەکەن، پێش ئەوەی لە کۆمەڵەی حەوتەمدا رووبەڕووی بەلجیکا و میسر ببنەوە.