ترەمپ: سەرۆکی چین پێشنیازی کردووە نێوەندگیریی ئاشتی لەگەڵ ئێران بکات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەکانیاندا پێی گوتووە، وڵاتەکەی "حەزدەکات یارمەتیدەر بێت" لە دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران و کردنەوەی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شۆن هانیتی لە کەناڵی فۆکس نیووز گوتی: "شی جینپینگ گوتی، زۆر حەزدەکەم یارمەتیدەر بم ئەگەر هەر جۆرە یارمەتییەکم لەدەست بێت." ترەمپ گوتیشی: "ئەو حەزدەکات تەنگەی هورمز کراوە بێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، پێش بەڕێکەوتنی بۆ سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەیژینگ، ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان پێویستی بە هاوکاریی چین نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی چین پێی گوتووە بەیژینگ چەک ناداتە ئێران. ترەمپ لەم بارەیەوە گوتی: "ئەو گوتی کە ئامێری سەربازییان ناداتێ. ئەمە قسەیەکی مەزنە." پێشتریش ترەمپ رایگەیاندبوو کە سەرۆکی چین هەمان بەڵێنی پێداوە سەبارەت بە نەفرۆشتنی چەک بە ئێران.
بەڵام ئەم لێدوانانەی ترەمپ خۆدزینەوە بوو لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کە ئایا چین زانیاریی هەواڵگری، پێکهاتەی ئەلیکترۆنی، یان داهاتی کڕینی نەوت دەداتە ئێران یان نا.
بەگوتەی ترەمپ، سەرۆکی چین گوتوویەتی، دەیانەوێت بەردەوام بن لە کڕینی نەوت لە ئێران: "لەهەمان کاتدا، ئەو گوتی، دەزانیت، ئەوان نەوتێکی زۆر لەوێ دەکڕن و حەزدەکەن لەسەر ئەوە بەردەوام بن."
چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە. لەم بارەیەشەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی جیادا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند کە ترەمپ داوا لە بەیژینگ دەکات کاریگەرییەکانی خۆی لەسەر ئێران بەکاربهێنێت. روبیۆ روونیکردەوە، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە "بەهۆی ئەم قەیرانەوە ئابوورییەکان دادەڕمێن"، ئەوەش بەو واتایە دێت کە بەکاربەران لە جیهاندا "بەرهەمی چینیی کەمتر دەکڕن".