وەزیری تەندروستی بەریتانیا دەستیلەکارکێشایەوە و داوای لادانی ستامەریش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا روبەروی گوشارێکی توند بووەتەوە بۆ دەستبەرداربوون لە دەسەڵات، ئەوەش دوای ئەوەی وەزیری تەندروستیی وڵاتەکەی وەک یەکەم وەزیری باڵا دەستی لەکار کێشایەوە و داوای کرد کێبڕکێ بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێ دەستپێبکات.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، وێس ستریتینگ، وەزیری تەندروستی بەریتانیا وازهێنانی خۆی لە حکومەت راگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پارتی کرێکارانی فەرمانڕەوا لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی هەفتەی رابردوودا توشی شکستێکی گەورە بوون، ئەمەش بەریتانیای خستوەتە ناو قەیرانێکی سیاسیی نوێوە، تەنیا دوو ساڵ دوای سەرکەوتنە گەورەکەی پارتەکەیان.
ستریتینگ لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا بە توندی رەخنەی لە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی گرت و گوتی: "ئێستا روون بووەتەوە کە تۆ ناتوانیت سەرکردایەتی پارتی کرێکاران بکەیت بۆ هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو. لەو شوێنەی پێویستمان بە دیدگا هەبوو، ئێستا بۆشاییمان هەیە؛ لەو شوێنەی پێویستمان بە رێڕەو بووە، ئێستا توشی لادان بوین."
ستامەر بەرگری لە پۆستەکەی دەکات
لە بەرامبەردا، کییەر ستامەر لە نامەیەکدا داخ و پەژارەی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی ستریتینگ دەربڕی، بەڵام رایگەیاند، دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت. ستامەر گوتی: "پێویستە هەموومان رووبەڕووی ئەم جەنگە ببینەوە کە من وەک جەنگێک بۆ روحی نەتەوەکەمان دەیبینم و دەبێت لاپەڕەی پشێوییەکان دابخەین."
بە گوێرەی میدیای بەریتانیا، سەرۆکوەزیران ئامادەیە بۆ هەر جۆرە کێبڕکێیەک لەسەر سەرکردایەتی پارتەکەی.
رکابەرە نوێیەکان دەردەکەون
ئەم ئاڵۆزییانە وایکردوە چەندین ناوی دیکە بۆ جێگرتنەوەی ستامەر بێنە پێشەوە. ئەندی بێرنهام، سەرۆکی شارەوانی مانچستەر، رایگەیاندوە کە هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە بۆ نێو پەرلەمان، کە ئەمە وەک رێگەخۆشکردنێک بۆ رکابەریکردنی ستامەر دەبینرێت. بێرنهام لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "گۆڕانکاریی زۆر گەورەتر لە ئاستی نیشتمانیدا پێویستە." هەروەها ئەل کارنس، وەزیری هێزە چەکدارەکان، وەک دەموچاوێکی نوێ بۆ نوێکردنەوەی پارتەکە ناوی دەهێندرێت.
نیگەرانیی ئابووری و دابەزینی بەهای پاوەند
ناسەقامگیریی سیاسی کاریگەریی خێرای لەسەر بازاڕەکان هەبووە؛ بەهای پاوەندی بەریتانی دابەزیووە و تێچوی قەرزکردن بەرز بووەتەوە. ئاماندا بڵانک، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بیمەی ئەڤیڤا، هۆشداریدا کە گۆڕانی بەردەوامی سەرکردایەتی زیان بە ئابووریی بەریتانیا دەگەیەنێت. لە دەیەی رابردوودا، بەریتانیا شەش سەرۆکوەزیرانی گۆڕیوە و وەبەرهێنەران دەترسن ئەم قەیرانە نوێیە ببێتە هۆی راکردنی سەرمایەداران لە وڵاتەکەدا.
لە کاتێکدا هەندێک لە وەزیرەکان، لەوانە راشێڵ ریڤز، وەزیری دارایی، پشتیوانیی خۆیان بۆ ستامەر دووپات کردوەتەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە دەستلەکارکێشانەوەی ستریتینگ سەرەتای هەڵمەتێکی فراوانتر دەبێت بۆ دورخستنەوەی ستامەر لە دەسەڵات.