دوو گەنجی کورد هەفتەیەکە لە ئەڵمانیا بێسەروشوێنن
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە دوو گەنجی کورد لە شاری بیلەفێلد-ی ئەڵمانیا دیارنەماون.
بەهزاد موراد ئەلیاس، کە تەمەنی 15 ساڵە و رەزڤان وەلید شێخ سلۆی 16 ساڵ دوایین جار رۆژی دووشەممە لە قوتابخانە دەرچوون و نەگەڕاونەتەوە.
بەگوێرەی شایەتحاڵێک، ئەو رۆژە لە شەمەندەفەرێکدا بیندراون کە بەرەو شاری ئاخنی ئەڵمانیا لەسەر سنووری هۆڵەندا و بەلجیکا رۆیشتووە.
دیار خێرۆ، مامی بەهزاد بەناوی هەردوو ماڵباتەوە، ئەو زانیارییانەی بۆ هێمن عەبدوڵلا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا پشتڕاست کردەوە و راشیگەیاند، پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی عێراقیشەوە کردووە، بۆئەوەی ئەوانیش لە رێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ)ەوە هەوڵەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو گەنجە چڕ بکرێنەوە.
بە قسەی دیار خێرۆ، هەردوو گەنجەکە هیچ کێشەیەکی ماڵباتییان نەبووە. بەهزاد مافی مانەوەی هەبووە لە ئەڵمانیا و رەزڤان نەیبووە.