لە میدیاکانی فەرەنسا بە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەگوترێت 'قومارەکەی ماکرۆن'
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا، ئێمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
ئەم هەفتەیە لەجیاتی ئەوەی فەرەنسییەکان و تەنانەت ئەورووپییەکانیش باسی بردنەوەی راستئاژۆ پەڕگیرەکان بکەن لە فەرەنسا، باسی ئەوە دەکەن کە چۆن ماکرۆن ئەو بڕیارەی داوە.
هەندێک میدیا و دامەزراوە ناوێکیشیان بۆ ئەو کارەی دۆزیوەتەوە و پێی دەڵێن "قومارەکەی ماکرۆن،" چونکە وا بیردەکەنەوە کە سەرۆکی فەرەنسا ئومێدی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا راستئاژۆ پەڕگیرەکان سەرکەوتنی گەورە بەدەستنەهێننەوە؛ بەڵام ئەگەر وا دەرنەچوو و ماکرۆن لە قومارەکەیدا نەیبردەوە، ئەوکات پەڕگیرەکان لە فەرەنسا بەهێزتریش دەبن.
بەهێزبوونی ئەوانە کاریگەریی لەسەر دیاسپۆرای کوردیش دەبێت لە فەرەنسا. پرسیار زۆرن و وەڵامیان پێویستن. بۆیە رەنگە کەس لە د. ئاسۆ عەبدوڵڵا حەسەنزادە، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، کەسایەتیی ئەکادیمی و سیاسی، باشتر نەبێ وەڵام بداتەوە، کە لە فەرەنساوە لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو. لەو بارەیەوە گوتی، "هەنگاوەکەی ماکرۆن هەنگاوێکی بوێرانە بوو، بەڵام لەو بڕیارەدا تووشی هەڵەیەکی ستراتیژی بووە، بۆیە خەڵکی فەرەنسا بە بڕیارەکەی شۆک بوون."
ئاسۆ حەسەنزادە روونیکردەوە کە کاریگەریی بڕیارەکەی ماکرۆن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنووردار دەبێت.
ئاسۆ حەسەنزادە دەشڵێت، "ئێستا پێگەی ماکرۆن لاوازترە لە پێگەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و بۆیە لە ئاستی ئەورووپا پێویستی بە رێککەوتنی گشتی هەیە، لەکاتێکدا راستی تووندڕەوی ئەورووپا یەکدەست نین و ئامادەی رێککەوتن نین."
سەبارەت بە رۆڵی راستڕەوەکانی فەرەنسا لەسەر دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە، هەروەها هەوڵوێستیان بەرامبەر بە دۆزی کورد، ئاسۆ حەسەنزادە گوتی، "دەسەڵاتی راستڕەوەکانی فەرەنسا کاریگەریی لەسەر دۆخی کورد نابێت و جیاوازیی زۆر لەنێوان راستەکان و چەپەکانی فەرەنسا نییە بەرامبەر بە کورد."