ئێرلەندای باکوور؛ ژمارەی پۆلیسە بریندارەکان لە پشێوی دژە پەناخوازەکاندا 60 کەسی تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئێرلەندای باکوور لە بەریتانیا رایگەیاند، دوای پێنجەمین شەوی پڕ تووندوتیژی، زیاتر لە 60 ئەفسەری پۆلیس لە پشێوی دژە پەناخوازاندا لە ئێرلەندای باکوور بریندار بوون.
پۆلیس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئێستا زیاتر لە شەست ئەفسەر لە ئەنجامی پاراستنی کۆمەڵگە لەو پشێوییە بەردەوامەی ئەم هەفتەیەدا برینداربوون"، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشکرا بکات.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆژی هەینی پۆلیس بۆ کۆنترۆڵکردنی تووندوتیژییەکان لە شارۆچکەی پۆرتداون لە رۆژئاوای بێڵفاست، ئۆتۆمبێلی ئاوڕشێنی بەکارهێنا.
بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکان، لە کاتی پشێوییەکاندا مۆڵۆتۆف و یاریی ئاگرین بەرامبەر پۆلیس بەکارهێندراوە.
پۆلیس هەروەها رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر هۆتێلێک لە نیوتاونابی لە نزیک بێڵفاستی پایتەخت، کە بە "تاوانێکی رق و کینەی رەگەزپەرستانە» ناوی برد؛ هاوکات ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە لەندەندێری، دووەم گەورەترین شاری هەرێمەکە، زیانی بەرکەوت.
پێشتر بۆ سێ شەو تووندوتیژی شارۆچکەی بالیمینای گرتبووەوە کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای بێڵفاستەوە دوورە.
گرژییەکان بۆ یەکەمجار شەوی دووشەممە لە بالیمینا سەریانهەڵدا، دوای ئەوەی دوو گەنج بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر کچێک دەستگیرکران.
پۆلیس ناسنامەی ئەو دوو گەنجەی ئاشکرا نەکرد کە هێشتا دەستبەسەرن و لە دادگا داوای وەرگێڕێکی رۆمانییان کردبوو.
دواتر پشێوییەکان تەشەنەیان سەند بۆ بێڵفاست و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمەکە.