پاکستان تووڕەیە و هۆشداری دەدات: پاڵپشتیی ئێران دەکەین و بێدەنگی بژارە نییە

رووداو دیجیتاڵ

پاکستان تووڕەیە و وەزیری بەرگریی وڵاتەکە هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر "جیهانی ئیسلامی ئێستا یەکنەگرن، هەموومان رووبەڕووی هەمان چارەنووسی یەمەن، ئێران و فەڵەستین دەبینەوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج."
 
خواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان ئەنجوومەنی نیشتمانیی وڵاتەکەی قسەی کرد، پاڵپشتیی ئێران دەکات لەم جەنگە و "بێدەنگی چیدیکە بژارە نییە."
 
بە گوتەی وەزیری بەرگریی پاکستان، لەم هێرشەیدا بۆسەر ئێران، ئیسرائیل "بە تەنیا نییە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و "پەیوەندیی دێرینی چەندین سەدەمان پێکەوە هەیە."
 
خواجە ئاسف جەختی لەوە کردەوە، بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئێران دەبن لەم جەنگە و "بەرژەوەندییەکانی ئێران دەپارێزین، ئێرانییەکان برامانن، ئازار و ناڕەحەتییان ئازار و ناڕەحەتیمانە."
 
هاوکات وەزیری بەرگریی پاکستان داوای کۆبوونەوەی رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی و یەکگرتنی هەموو وڵاتانی ئیسلامیی لە دژی ئیسرائیل کرد.
 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خواجە ئاسف باسی لەوە کرد، تەنانەت لە وڵاتانی رۆژئاوایش خۆپیشاندان دژی ئیسرائیل دەکرێت، "خەڵک [لە وڵاتانی رۆژئاوا] هۆشیار بوونەتەوە، پێچەوانەی جیهانی ئیسلامی."
 
هەروەها وەزیرەکەی پاکستان جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی کردەوە کە دانی بە ئیسرائیلدا نەناوە و پەیوەندیشی لەگەڵیدا نییە؛ داوایشی لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی کرد کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕن، "ئیسرائیل دەستی بە خوێنی موسڵمانان سوورە و دەبێت ئەو دەستانە رەتبکرێنەوە."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی و درۆن هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئێران و چەندین فەرماندە، زانای ئەتۆمی و هاووڵاتیی مەدەنیی ئەو وڵاتەی کوشت.
 
لە وەڵامدا شەوی رابردوو ئێران بە دەیان مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە و نێوجەرگەی تەلئەڤیڤی مووشەکباران کرد، بەهۆیەوە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، دەیان کەس بریندار بوون و سێ کەسیش کوژراون، ئەمەش جگە لە زیانێکی زۆری مادی کە بەر بینا، باڵەخانە، شەقام و ئۆتۆمبێل لە تەلئەبیب کەوتووە.