پەرلەمانی رووسیا گۆڕینی رەگەز قەدەخە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی دوومای رووسیا (ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا) پڕۆژەیاسایەکی بۆ قەدەخەکردنی رەگەزگۆڕین پەسند کرد. پڕۆژەیاساکە دەنێردرێتە ئەنجوومەنی پیران بۆ ئەوەی لەوێش دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر ئەگەر لە لایەن ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتەوە واژۆبکرێت، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
پڕۆژەیاساکە گۆڕینی رەگەز بە شێوەی پزیشکی یان یاسایی، قەدەخە دەکات و ئەوانەشی کە رەگەزیان گۆڕیوە، لەخۆگرتن و بەخێوکردنی منداڵانی خەڵکی دیکەیان لێ قەدەخە دەکرێت. 
 
گۆڕینی رەگەز لەسەر بنچینەی بەڵگەنامە یاساییەکان لە ساڵی 1997ـەوە لە رووسیا رێگەپێدراوە. بە گوێرەی پڕۆژە یاساکە، کارمەندانی تەندروستی ناتوانن "دەستوەردانی پزیشکی بکەن بۆ گۆڕینی رەگەزی کەسێک،" لەوانەش نەشتەرگەری و پێدانی هۆرمۆن. 
 
بەڵام پڕۆژەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە زکماکەوە کۆئەندامی زاوزێیان شێواو بووە. 
 
ئەو منداڵانەی لە زکماکەوە کێشەیان هەبووە، دوای پشکنینیان لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی رووسیا و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە سەر بە کام رەگەزە، نەشتەرگەری و چارەسەری رەگەزگۆڕینی بۆ دەکرێت و دواتر لەسەر بەڵگەنامە یاساییەکانیش رەگەزەکەی دەگۆڕدرێت. 
 
دەقی پڕۆژە یاساکە ئاماژە بەوە دەکات، هەر کەسێک بەو رێوشوێنە یاساییانە رەگەزی گۆڕدرا، دوای 90 رۆژ پێویستە پاسپۆرتەکەی نوێ بکاتەوە. 
 
پڕۆژە یاساکە هەروەها بەندێکی یاسای خێزانی رووسیا هەموار دەکاتەوە، بە جۆرێک هەر کەسێک رەگەزی بگۆڕێت، هاوژینەکەی مافی هەیە داوای جیابوونەوە بکات. ئەوانەشی پێشتر رەگەزیان گۆڕیوە، لەخۆگرتن و بەخێوکردنی منداڵانیان لێ قەدەخە دەکرێت. 
پێشتر ڤیاچێسلاڤ ڤلۆدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی دووما رایگەیاندبوو، ئامانج لەم هەنگاوە پاراستنی بەها رەسەنەکانی خێزانی رووسییە. 
 
ساڵی 2020، لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستووری رووسیا، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان دوو کەسی هەمان رەگەزدا قەدەخەکرا، کە پێشتریش یاسایی نەبوو. 
 
هەر ئەو کات، پووتین جەختی کردەوە کە تاوەکو ئەو سەرۆکی رووسیا بێت، وڵاتەکەی بەرگری و پارێزگاری لە بەها رەسەنەکانی خێزان دەکات. 
 
پووتین لە کاتی تاوتوێکردنی هەمواری دەستووری وڵاتەکەیدا شوباتی 2020 گوتی، چەمکەکانی "دایک و باوک" لە وڵاتەکەیدا دەهێڵێتەوە و رێگە بە دروستبوونی چەمکی "باوانی ژمارە یەک" و "باوانی ژمارە دوو" نادات. 
 
پووتین گوتی، "هاوژینی بریتییە لە یەکگرتنی پیاوێک و ژنێک. سەبارەت بە باوانی ژمارە یەک و باوانی ژمارە دوو، هیچ شتێک بەو ناوەوە نییە، تەنیا باوک و دایک هەن، تا ئەو کاتەی من سەرۆک دەبم."