پۆلیسی سوێد رێگە بە سووتاندنی تەورات دەدات
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سوێد بە فەرمی رێگەی دا بەوەی کە تەورات لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت بسووتێندرێت، بڕیارەکەش هەر لە ئێستاوە ناڕەزایی زۆری جووەکانی لێکەوتووەتەوە.
رۆژی هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، میدیاکانی سوێد رایانگەیاند، پۆلیسی وڵاتەکە بە فەرمی رێگەی داوە بەوەی کە رۆژی شەممە، 15-7-2023، تەورات لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بسووتێندرێت.
دوای ئەوەی هەواڵەکە لە میدیاکان بڵاوبوویەوە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بێگومان سەرکۆنەی رێگەدان بە سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان دەکەم لە سوێد، سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانم کرد و ئێستاش دڵگرانم کە هەمان چارەنووس چاوەڕێی کتێبی پیرۆزی جوو دەکات."
هاوکات، ئیلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەرکۆنەی رێگەپێدان بە سووتاندنی قورئانی کرد و رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بانگهێشتی باڵیۆزی سوێدی لە ئیسرائیل کردووە و داوای روونکردنەوەی لێکردووە.
کۆهین داوای لە دەسەڵاتدارانی سوێد کرد، کە رێگە بگرن لەو "کارە بێشەرمانە" و گوتیشی: "بڕیارەکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جووەکان و کولتووری جووەکان."
رۆژی چوارشەممە، 5ـی تەممووزی 2023، پۆلیسی سوێد رایگەیاند، پیاوێک کە لە سییەکانی تەمەنیەتی، داواکاریی پێشکێشی پۆلیس کردووە بۆ ئەوەی لە 15ی تەممووزی ئەمساڵ، کۆپییەکی تەورات و ئینجیل لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم بسووتێنێت، ئەوەش وەکو کاردانەوەی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە وڵاتەکە سەیر دەکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی ئەم مانگە، کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی بە رەچەڵەك عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
ئەو کارە کاردانەوەی تووندی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی ئەو پەنابەرەی لە سوێد کردووە بۆ ئەوەی بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی بکات.
دوای رووداوەکەش، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، پێویستە خەڵک دان بەخۆیاندا بگرن. هەروەها لەبارەی سووتاندنی قورئانیشەوە گوتی، "یاساییە، بەڵام کارێکی نەگونجاوە."