پەرلەمانتارێکی پارتی راوێژکاریی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئەو پەناخوازانە رەت دەکەینەوە کە تووندڕۆن و نیازی خراپیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا وردەکاریی ستراتیژیی حکومەتی وڵاتەکەی لەبواری کۆچ و پەنابەرییدا بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت، سیاسەتی کۆچبەرییان بە تەواوی گۆڕیوە، لەوانەش راگرتنی سیاسەتی یەکگرتنەوەی خێزان بۆ ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەی کاتییان لە ئەڵمانیا هەیە، هەروەها دیپۆرتکردنەوەی بەشێک لە پەناخوازان بۆ سووریا و ئەفغانستان.
ستیڤن بیلگەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا گوتی، گۆڕینی سیاسەتی کۆچبەریی حکومەتی وڵاتەکەی وەڵامێکە بۆ ئەو "قەیرانە"ی بەهۆی کۆچی نایاساییەوە رووبەڕووی ئەڵمانیا بووەتەوە. بیلگەر لەو بارەیەوە گوتی: "کێشەی گەورەمان هەیە و پێویستمان بە سیاسەتێکی کۆچبەرییە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەنگاوە کردارییەکان، بیلگەر گوتی: "سەرنجمان لەسەر پاراستنی سنوورەکان و رەتکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە هەوڵ دەدەن بە نایاسایی بێنە نێو ئەڵمانیا. هێڵێکی روون دژی ئەو کەسانە هەیە کە نیازی خراپیان هەیە، تووندڕۆن و دژی دەوڵەتەکەمان کاردەکەن."
یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان بریتییە لە راگرتنی یەکگرتنەوەی خێزانەکان. بیلگەر گوتی: "یەکێک لە رێکارەکان راگرتنی یەکگرتنەوەی خێزانە بۆ دوو ساڵ بۆ ئەو کەسانەی مافی مانەوەی کاتییان هەیە."
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی هاونیشتمانییانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتییانی سووریا قسەی کرد و گوتی: "راستە لە سووریا هەموو شتێک باش نییە، بەڵام شەڕ نەماوە و خەڵکێکی زۆر دەگەڕێنەوە. بۆیە ژیرانە نییە کاتێک ئەوان ناگەڕێنەوە، ئەندامانی خێزانەکانیشیان بێننە ئێرە. یەکگرتنەوەی خێزان دەکرێت لە وڵاتی خۆشیاندا جێبەجێ بکرێت."
ئاڵا شاڵی پرسیاری لەو پەرلەمانتارە کرد لەبارەی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەیەوە و ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "ئەوان هاوبەشی گرنگی ئێمەن. دەزانین شەڕێکی زۆر سەخت دەکرێت، بەتایبەتی دژی هێزە ئیسلامییە تووندڕۆکان. بۆیە دەبێت بەردەوام پشتیوانییان بکەین. حکومەتی فیدراڵیی نوێ بەردەوام لە پشتیوانیکردن دەبێت ."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ ستیڤن بیلگەر
رووداو: ئەمڕۆ پرسە پەرلەمانییەکان زۆر گەرمن، وەک پرسی بودجە و پرسی کۆچبەران. لە بابەتی کۆچبەراندا ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی تووند دەگرێ. پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەڵێت، ئێوە هیچتان بۆ کەمکردنەوەی کۆچبەران نەکردووە؟
ستیڤن بیلگەر: ئێمە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ، سیاسەتی کۆچبەریمان بە تووندی گۆڕی. ئەوەش کێشە بۆ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دروست دەکات. ئێمە بەهۆی کۆچی نایاساییەوە کێشەی گەورەمان لە ئەڵمانیا هەیە. پێویستمان بە سیاسەتێکی دیکەی کۆچبەرییە. ئێمە ئەو کارە دەکەین، ئەوەش بۆ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا جێگەی نیگەرانییە، چونکە ئەم بابەتە دەنگێکی زۆری بۆ بەدەست دەخستن. بۆیە رەخنەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا شتێکی سەیر نەبوو، بەڵام ئێمە لەسەر رێگەی خۆمان بەردەوام دەبین؛ سیاسەتێکی کۆچبەریی ئاشکرا، مرۆیی و رێکخراو، وەک چۆن هەمیشە لێرە دەیڵێین (جێبەجێ دەکەین).
رووداو: باشە، ئێوە 65 رۆژە لە دەسەڵاتن. تاوەکو ئێستا چیتان لە سیاسەتی کۆچبەری جێبەجێ کردووە؟
ستیڤن بیلگەر: سەرنجمان لەسەر پاراستنی سنوورەکانە، هەروەها رەتکردنەوەی ئەو کەسانەی لە سنوورەکانەوە هەوڵ دەدەن بە نایاسایی بێنە نێو ئەڵمانیا. لەسەر ئاستی ئەورووپاش کار بۆ سیاسەتێکی باشتری کۆچبەری دەکەین. ئەوە ئامانجمانە کە سیاسەتێکی کۆچبەریی هاوبەشمان هەبێت کە تاوەکو پێش ئێستا ئەڵمانیا رێگری لێدەکرد. هەموو وڵاتێک لە ئەورووپا سیاسەتی کۆچبەریی خۆی گۆڕیوە، چونکە بەو شێوەیەی لە ساڵانی رابردوودا بەڕێوەدەچوو، ئێستا کەڵکی نەماوە. هەروەها دادپەروەرانەش نییە بۆ ئەو کەسانەی پارەیان هەیە بیدەنە قاچاخچی و بێنە ئێرە. ئێمە دەمانەوێت سەرنجمان بخەینە سەر ئەو کەسانەی لە تەنگانەدان و بەڕاستی پێویستییان بە یارمەتیی ئێمەیە. بەڵێ، دەمانەوێت لەگەڵ ئەورووپا کار بکەین و چارەسەر بدۆزینەوە. خزمەتکردن لە ئەورووپاش زۆر گرنگە، بەڵام بابەتەکە دیاریکردنی رێکاری تووندە بەرامبەر ئەو کەسانەی نیازی خراپیان بۆ وڵاتەکەمان هەیە، ئەوانەی تووندڕۆن، دژی ئێمەن و دژی دەوڵەتەکەمان کاردەکەن. هێڵێکی روون دژی ئەو جۆرە کەسانە هەیە.
رووداو: دیپۆرتکردنەوە؟
ستیڤن بیلگەر: دیپۆرتکردنەوە یەکێکە لە رێکارەکان، بۆ ئەفغانستان، بۆ سووریا. ئێمە قبووڵی ناکەین ئەو کەسانەی ئازارێکی گەورەیان بە خەڵکی دیکە گەیاندووە و دژی دەوڵەتەکەمان کاردەکەن، لێرە بمێننەوە و نەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. بەڵێ، دیپۆرتکردنەوە یەکێکە لەو رێکارانە.
رووداو: ئێوە یەکگرتنەوەی ئەندامانی خێزانتان بۆ دوو ساڵ راگرتووە بۆ ئەو کەسانەی مافی مانەوەی کاتییان هەیە. ئێوە دەڵێن ئێمە دژی هاتنی کۆچبەری نایاسایین، بەڵام یەکگرتنەوەی خێزان بە شێوەیەکی یاسایی بوو. بۆچی ئەم پرۆسەیەتان بۆ دوو ساڵ راگرت؟
ستیڤن بیلگەر: ئێمە لە ئەڵمانیا توانامان نەماوە. ئەگەر بتوانین ژمارەی داواکارییەکانی مافی پەنابەری و زیادبوونی پەناخوازان بۆ نیوە کەم بکەینەوە، هێشتا ژمارەی ئەوانەی ساڵانە دێنە لامان، هێندەی شارێکی گەورەی ئەڵمانیا دەبێت. ئیدی توانای ئەوەمان نییە. بابەتەکە خۆگونجاندنە، خولی زمانەوانییە، دامەزراندنی ئەو کەسانەیە لە بازاڕی کاردا. دەبێت ژمارەکە کەم بکەینەوە؛ بۆ ئەوەش چەندین رێکار هەن، یەکێکیان راگرتنی یەکگرتنەوەی خێزانە بۆ ئەو کەسانەی مافی مانەوەی کاتییان هەیە. ٪90ـی ئەوانە، بۆ نموونە خەڵکی سووریان. راستە لە سووریا هەموو شتێک باش نییە، بەڵام شەڕ نەماوە و خەڵکێکی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ سووریا. لەبەرئەوە، ژیرانە نییە کاتێک زۆرێکیان ناگەڕێنەوە، ئەندامانی خێزانەکانیشیان دەهێننە ئێرە. ئەگەر یەک ئەندامی خێزان لە ئەڵمانیا بێت، ئەوە ناچاری ناکات کە دەبێت هەموو خێزانەکە بێتە ئەڵمانیا. ئەو کاتە، یەکگرتنەوەی خێزان دەکرێت لە وڵاتی خۆشیاندا جێبەجێ بکرێت. بۆیە ئەوە یەکێکە لە رێکارە گرنگەکان بۆ ئێمە.
رووداو: پارتی سەوزەکان دەڵێت ئەوە کاریگەری لەسەر خۆگونجاندن دەبێت. دەمەوێت بزانم ئێوە بەدواداچوون بۆ دۆخی تایبەت دەکەن؟
ستیڤن بیلگەر: ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە ئەگەر دۆخی لەناکاو هەبێت، واتە لە هەندێک دۆخی تایبەتدا بڕیاری دیکە بدرێت. پێویستە مرۆڤ بیربکاتەوە، دەبێت خێزان پێکەوە بێت، بەڵام نابێت هەموو خێزانێک لە ئەڵمانیا یەکبگرنەوە. ئەوەش بەشێکە لە بازرگانیی قاچاخچییەکان کە یەک کەس پێشوەختە دەنێرن و دەیهێننە ئەڵمانیا، تاوەکو دواتر هەموو خێزانەکەی بەدوای خۆیدا بهێنێتە ئەڵمانیا. پێویستە ئێمە مۆدێلی بازرگانیی قاچاخچییەکان تێکبشکێنین، تاوەکو رێکخستنێکی دروست پێکبهێنین.
رووداو: سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، پێویستە ئەڵمانیا بگەڕێتەوە سەر سەکۆی نێودەوڵەتی و رۆڵ و کاریگەری هەبێت. دوای هەڵبژاردنەکان، راوێژکار لە هەمان رۆژدا سەردانی پۆڵەندا و فەرەنسای کرد. جیاوازیی نێوان سیاسەتی دەرەوەی ئێوە و سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی پێشوو لە کوێدایە؟
ستیڤن بیلگەر: بێگومان ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە سەر سەکۆی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە ئەورووپا زۆر کەس چاوەڕێی ئەوە بوون. فرێدریش مێرتس کارێکی زۆر باش دەکات، بەڵام نەوەک تەنیا لەبەر سیاسەتی دەرەوە، بەڵکو ئەوەی دەیکات بۆ ئەڵمانیا گرنگە. بۆ نموونە، ئەگەر ئەڵمانیا رۆڵێکی بەهێزی بەرامبەر ئەمریکا هەبێت سەبارەت بە جەنگی باج، بۆ ئەوەی لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا هەوڵبدەین پێکەوە ئامانجەکان بەدەستبهێنین، بەتایبەتی پەیوەندیی باش لەگەڵ پۆڵەندا و فەرەنسا لە ئەرکە گرنگەکانن کە راوێژکار و حکومەتی پێشوو پشتگوێیان خستبوو. ئێمە راوێژکارێکمان هەبوو کە کەم لەسەر سیاسەتی دەرەوە کاری دەکرد. وەزیرێکی دەرەوەمان هەبوو کە بە هەڵوێستێکی ئامۆژگاریکارانەوە بۆ هەمووانی رووندەکردەوە کە چی بگۆڕن. ئێستا راوێژکار فرێدریش مێرتس و وەزیری دەرەوە یۆهان ڤادیفولم هەن کە زۆر باشن و لە نزیکەوە لە هاوئاهەنگیدان. بۆیە سیاسەتێکی دەرەوە بە یەک هەڵوێست پەیڕەو دەکەن و بە هەڵوێستێکی ئاشکراوە کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئەڵمانیا رۆڵێکی باشی لە ئەورووپا و جیهاندا هەبێت.
رووداو: وەک دەزانن، سوپای ئەڵمانیا مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و سوپای عێراقیش دەکات. بۆ حکومەتی نوێی ئەڵمانیا چەند گرنگە کە بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردن و راهێنانکردن بە پێشمەرگە؟
ستیڤن بیلگەر: ئەوە بۆ ئێمە گرنگە؛ ئەوان بۆ ئێمە هاوبەشی گرنگن. ئێمە دەزانین کە شەڕێکی زۆر سەخت دەکرێت، بەتایبەتی دژی هێزە ئیسلامییە تووندڕۆکان، بۆیە دەبێت بەردەوام پشتیوانییان بکەین. جێگەی دڵخۆشیی ئێمەیە کە هاوکارییەکی باشمان هەیە. حکومەتی فیدراڵی نوێ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی.
رووداو: دێمە سەر پرسی بودجە، 500 ملیار یۆرۆ قەرز. ئێوە چۆن بۆ هاووڵاتیان و گەنجان روونی دەکەنەوە کە دەپرسن: چۆن ئەم قەرزانە بدەینەوە؟ بۆچی ئەم قەرزە پێویستە؟
ستیڤن بیلگەر: لە راستیدا کاتێک لە بازنەکەی خۆمدا دەگەڕێم، پێویستە زۆر جار روونی بکەمەوە؛ پێویستە کاری زیاتر بۆ تواناکانی بەرگریی خۆمان بکەین. لە دەیەی رابردوودا رێی تێنەدەچوو هێرشمان بکرێتەسەر. ئێستاش رێی تێناچێت، بەڵام گومانی ئەوە هەیە هێرش بکرێتە سەر ئەڵمانیا. بۆیە دەبێت کاری زیاتر بکەین، لە ئەڵمانیا و ئەورووپا پارەی پێویست دابین بکەین. بۆ ژێرخانی خۆشمان پێویستە زیاتر کار بکەین، بۆیە قەرزێکی گەورە پێویستە. گرنگە ئێمە ئەو پارەیە بە شێوەیەک خەرج بکەین کە کێشەکانی ئێستا بە شێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر بکرێن، نەوەک فێربین بەردەوام قەرز بکەین. راستە، ئێمە زیاتر لە تواناکانی خۆمان دەژین، لەسەر ئاستی فیدراڵی، لە هەرێمەکان، لە شارەوانییەکان. ئەوەش لەسەر ئەوە دەوەستێت کە ئایا لە کوێ دەتوانین پارە خەرج نەکەین. ئەگەر بە شێوەیەکی بەردەوام کاربکەین، بە بڕوای من، دەتوانین جێبەجێی بکەین کە ئەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو باش بێت و بەرپرسیارێتیی خۆمان لەسەر شانمان هەڵبگرین.
رووداو: ئێوە زیاتر لە 150 ملیار یۆرۆ بۆ بەرگری تەرخان دەکەن. بۆچی دەتانەوێت بەرگریی ئەڵمانیا ئەوەندە بەهێز بکەن؟
ستیڤن بیلگەر: ئێمە لە ناتۆدا بەو شێوەیە رێککەوتووین کە کاری زیاتر بۆ بەرگری بکەین، ٪5ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی. پێویستە ئەڵمانیاش کاری زیاتر بکات. لە ئەڵمانیا "پشکی ئاشتی"مان هەبوو، کاتێک ئاشکرا بوو کە رەنگە پێویستیمان بە سوپای ئەڵمانیا نەبێت بۆ ئۆپەراسیۆنی دەرەکی، یان ئەگەر لە قەیرانەکاندا لەنێو وڵاتدا پێویست بێت. توانیمان ژمارەی سەربازانی سوپای ئەڵمانیا کەم بکەینەوە و پێویستیشی نەدەکرد ئەوەندە کەرەستەمان هەبێ. لە رێگەی پشکی ئاشتییەوە توانیمان پارەی کەمتر خەرج بکەین. ئێستاش، دوای قۆناخە دڵخۆشکەرەکە، دیسان دێینەوە سەردەمی شەڕی سارد و پێویستە کاری زیاتر بۆ بەرگریی خۆمان بکەین. ئەو پارە گەورەیەش بۆ بەهێزبوونمانە لەنێو ناتۆدا.
رووداو: ئەڵمانیا دەیەوێت لەنێو ناتۆدا بەهێز بێت. حکومەتی رەش و سوور CDU/CSU و SPD دەیەوێت ئابووریی ئەڵمانیاش ببوژێنێتەوە. بەڵام دەڵێن قەرزەکە زۆر گەورەیە. ئایا گرنگە قەرزی گەورە بۆ ئابووری بکەین؟
ستیڤن بیلگەر: لە راستیدا قەرزێکی زۆرە. من خۆشم ئەمە بە سەخت دەبینم، فراکسیۆنەکەشمان هەر وایە، بەڵام لەسەری رێککەوتووین. ئێستا گرنگ ئەوەیە کە ئەم قەرزانە بە شێوەیەکی ژیرانە بەکاربێنین. دەبێت بگەڕێینەوە سەر سیاسەتی کریست دیموکرات و کریست سۆسیالەکان کە سیاسەتێکی بودجەیی پتەوە، "سفری رەش" واتە بۆ چەندین ساڵ هیچ قەرزێکمان نەکرد، بەڵام هێشتاش بەپێی پێویست پارەمان خەرج دەکرد. ئەگەر ئابوورییەکەمان بەهێز بێتەوە و لە قەیرانی ئابووری دەربچێت، کە سێ ساڵ بوو لە قەیرانی ئابووریدا بووین، ئەوکات داهاتی باجی حکومەت زیاد دەکات. دەبێت پارەی کەمتر خەرج بکەین و خەرجییە گەورەکان وەک سیاسەتی کۆچبەری و یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵ بکەین، ئەو کات دەتوانین بودجەی خۆمان بەبێ قەرز رێکبخەینەوە. ئەوە ئامانجی ئێمەیە.
رووداو: دوایین پرسیاری من لە بەڕێزتان ئەوەیە، ئایا ئەڵمانیا رۆڵی لە چارەسەری قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبێت؟
ستیڤن بیلگەر: ئێمە بەرپرسیارێتیی خۆمان دەبینین. بەهۆی بەرپرسیارێتیی مێژووییمانەوە بەرامبەر ئیسرائیل، رۆڵێکی تایبەتمان هەیە. ئەمە سیاسەتی دەرەوە لەو ناوچەیەدا هەندێک جار ئاسان ناکات، بەڵام هەموو کەس دەزانێت ئەڵمانیا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی هەیە. لە رێگەی وەزیری دەرەوەوە، بەردەوام بەشدار دەبین. زۆر شتی خراپ و دەردەسەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن، بەڵام هەندێک پێشکەوتنی ئەرێنیش لەوێ هەن و دەمانەوێت پشتیوانییان بکەین.