کۆریای باکوور رەتیدەکاتەوە بڵندگۆکانی سەر سنوور لاببات
رووداو دیجیتاڵ
خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لەلایەن سوپای کۆریای باشوورەوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە پیۆنگیانگ بڵندگۆکانی لەسەر سنووری لابردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، لە راگەیێندراوێکدا کە بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریاوە بڵاوکرایەوە، جەختی لەوە کردەوە هەوڵەکانی کۆریای باشوور بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بێ سوودن.
کیم یۆ جۆنگ رایگەیاند: "ئێمە هەرگیز ئەو بڵندگۆیانەمان لانەبردووە کە لە ناوچەی سنووری دامانناون و نامانەوێت لایانبەرین".
لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لەدوای هەڵبژاردنی لە مانگی حوزەیران، بەڵێنی داوە هەوڵ بۆ دیالۆگی بێ مەرج لەگەڵ کۆریای باکوور بدات، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی تووندی سەرۆکی کۆریای باکوورە.
کۆریای باشوور لە وەڵامی پیۆنگیانگ دا، گۆرانییەکانی کەی پۆپ و هەواڵەکانی لەڕێگەی بڵندگۆکانەوە پەخش دەکرد، چونکە کۆریای باکوور دەنگە دەنگی سەیر و بێزارکەری لەسەر سنوور بڵاودەکردەوە کە بووبووە مایەی بێزارییەکی گەورە بۆ خەڵکی ناوچەکە لە کۆریای باشوور.
سیئۆل لە مانگی حوزەیران و دوای هەڵبژاردنی لی رایگەیاندبوو کە هەردوو وڵات پەخشی پروپاگەندەیان لە ناوچەی داماڵراو لە چەک راگرتووە.
وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور لە 5ـی ئاب رایگەیاند دەستی بە لابردنی بڵندگۆکان کردووە لە دیوی خۆیەوە وەک "هەنگاوێکی کرداریی کە ئامانج لێی یارمەتیدانە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ باکوور".
کیم لە راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا ئەو هەنگاوانەی رەتکردەوە و گوتی، "لە ماوەی رابردوودا، کۆماری کۆریا (کۆریای باشوور) هەوڵیداوە رای گشتی چەواشە بکات بەوەی کە هەنگاوە نیازپاکی و سیاسەتی ئاشتەواییەکەی وەڵامی هەیە، هەروەها بۆ دروستکردنی رایەکی گشتی کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا و کۆماری کۆریا خەریکە چاک دەبنەوە."
کیم هەروەها گوتی: "ئێمە چەندین جار روونمان کردووەتەوە هیچ نیازێکمان نییە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری کۆریا... ئەم هەڵوێست و بۆچوونە یەکلاکەرەوەیە لە داهاتوودا لە دەستوورماندا جێگیر دەکرێت".
راگەیێندراوەکە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی کۆریای باشوور و ئەمریکا بۆ مەشقە سەربازییە هاوبەشە ساڵانەکانیان.
کۆریای باکوور، کە لە ساڵی 1950 هێرشی کردە سەر دراوسێکەی و بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی کۆریا، هەمیشە لە مەشقە سەربازییەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور تووڕە بووە و بە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەری ناوی بردوون.
کیم گوتی: "ئایا کۆماری کۆریا بڵندگۆکانی لادەبات یان نا، پەخش رادەگرێت یان نا، مەشقە سەربازییەکانی دوادەخات یان نا، قەبارەیان بچووک دەکاتەوە یان نا، ئێمە بایەخی پێ نادەین."
هەردوو وڵات لەڕووی تەکنیکییەوە هێشتا لە جەنگدان، چونکە جەنگی کۆریا لە نێوان ساڵانی 1950 – 1953 بە ئاگربەست کۆتایی هات، نەک پەیماننامەی ئاشتی."