پێنتاگۆن: 800 سەربازی پاسەوانیی نیشتمانی لە واشنتن بڵاوەیان پێکرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، سەرجەم ئەو 800 سەربازەی پاسەوانی نیشتمانی کە دۆناڵد ترەمپ فەرمانی پێکردبوون بچنە واشنتنی پایتەخت بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی ئاسایش، ئێستا گەیشتوونەتە شوێنی ئەرکەکەیان.
ترەمپ فەرمانی بە بڵاوەپێکردنی ئەم هێزە کردووە وەک بەشێک لەوەی ناوی ناوە "هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوان" لە پایتەختی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن رێژەی تاوانە تووندوتیژەکان دابەزیوە. ئەم هەنگاوە دوای هەنگاوێکی هاوشێوە دێت کە لە مانگی حوزەیراندا لە کاتی خۆپێشاندانەکانی لۆس ئەنجلس کرا.
رۆژی پێنجشەممە، 14-08-2025، کینگزلی ویڵسن، گوتەبێژی پێنتاگۆن، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ، سەرجەم 800 سەربازەکەی سوپا و هێزی ئاسمانیی پاسەوانی نیشتمانی کۆکراونەتەوە."
ویڵسن گوتیشی، ئەو سەربازانە "یارمەتیی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەورەشارەوانیی دی سی و هاوبەشە فیدراڵییەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەدەن لە پاراستنی ئاسایشی شوێنەوارەکان، گەڕانی ئەمنی لە گەڕەکەکاندا، پاراستنی دامەزراوە فیدراڵییەکان و ئەفسەران" هەروەها خاڵەکانی کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ.
ویڵسن گوتیشی: "تاوەکو یاسا و ئاسایش دەگەڕێتەوە ناوچەکە، سەربازەکان دەمێننەوە، وەک چۆن سەرۆک ترەمپ بڕیاری لەسەر دەدات."
رۆژی دووشەممە، ترەمپ بڵاوەپێکردنی پاسەوانی نیشتمانی و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەکەی راگەیاند و بەڵێنیدا "پایتەختەکەمان بگەڕێنینەوە."
پایتەختی ئەمریکا کە زۆرینەی دیموکراتن، رووبەڕووی تۆمەتی سیاسەتڤانە کۆمارییەکان بووەتەوە کە گوایە تاوان تێیدا بڵاوبووەتەوە، بێ ماڵ و حاڵی تێدا زۆر بووە و بەڕێوەبردنێکی دارایی خراپی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، داتاکانی پۆلیسی واشنتن دابەزینێکی بەرچاو لە تاوانی تووندوتیژیدا لەنێوان ساڵانی 2023 و 2024 نیشان دەدەن.