ئەڵمانیا بۆ رووداو: بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەرەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوکاریی عێراق دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت، عێراق دەتوانێت داهاتی خۆی لە رێگەی سەرچاوە سرووشتییەکانییەوە زیاد بکات، بۆیە ئەو وڵاتە لە ساڵی 2023ـەوە هاوکارییە مرۆییەکانی راگرتووە. بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە داهاتووشدا لە کەرتەکانی ئابووری، وزە و بابەتی گۆڕانی کەشوهەوادا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکار و هاوئاهەنگ دەبێت، بەڵام زیاتر هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتی بدەنە عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی کەهی مەحموود، کارمەندی دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، بە بڕوای وڵاتەکەیان، دۆخی عێراق "باش بووە" و چیدیکە ئەو وڵاتە پێویستی بە هاوکاریی مرۆیی نەماوە. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەڵمانیا وەک "هاوبەشێکی نزیک"ـی عێراق دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2022، حکومەتی ئەڵمانیا بڕی 800 ملیۆن یۆرۆی بۆ هاوکاریی مرۆیی و 2.6 ملیار یۆرۆی بۆ سەقامگیری لە عێراقدا خەرج کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو کە لەدوای رووخانی رێکخراوی داعش، وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە رێگەی "هاوکاریی مرۆیی، گەشەپێدان و رێکارەکانی سەقامگیرکردن"ـەوە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقی کردووە. بە گوتەی وەزارەتەکە، بەرلین پڕۆژەی چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتیی دابین کردووە و هاوکاریی قوربانییان و رزگاربووانی دەستی داعشی کردووە بۆ شیاندنەوەیان و لەبیرکردنی ئەو ئازارانەی چەشتوویانە.
هاوکاریی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە چ شێوەیەک دەبێت؟
سەبارەت بە هاوکارییەکانی داهاتوو، وەزارەتی دەرەوی ئەڵمانیا گوتی: "ئێستا ئەڵمانیا لە بواری گەشەپێداندا هاوکاریی عێراق دەکات و پڕۆژە شارستانییەکان پێش دەخات. دەمانەوێت گەشەسەندنی ئابووری خێراتر بەرەوپێش ببەین و ئاسایشی وزە دابین بکەین."
بە بۆچوونی ئەڵمانیا، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بوونەتە مەترسی لەسەر عێراق. "بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەرەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوکاریی عێراق دەکەین."
هەروەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێداوە، رێکخراوەکانی وەک "کۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی" (GIZ) و "بانکی قەرزی ئاوەدانکردنەوە" (KfW) و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەر بە کەنیسە ئەڵمانییەکان لە عێراق بەردەوام دەبن.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوە، حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت "هاوکارییەکان پەرە پێبدات" تاوەکو "زیاتر بەرپرسیارێتی بداتە لایەنە عێراقییەکان."