چین بووە یەکەم وڵات باڵیۆزخانەی لە ئەفغانستان کردەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا لە کابووڵی پایتەختی ئەفغانستان، باڵیۆزخانەی چین لە وڵاتەکە کرایەوە، بەوەش چین بووە یەکەمین وڵات لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، باڵیۆزخانەی خۆی لەو وڵاتە بکاتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: "ئەمە گۆڕانکارییەکی ئاساییە لە باڵیۆزخانەی چین لە ئەفغانستان و مەبەست لێی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان و پێشخستنی هاوئاهەنگیی نێوان چین و ئەفغانستان".
 
بەرپرسانی تاڵیبانیش پێشوازییان لەو بڕیارەی چین بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە لە کابوڵ کرد. ئەمیرخان موتەقی، وەزیری کاروباری دەرەوەی تاڵیبان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کردنەوەی باڵیۆزخانەی چین هەنگاوێکی گرنگ و پەیامێکی گرنگە".
 
هەرچەندە زیاتر لە 20 وڵات باڵیۆزخانەیان لە کابوڵ هەیە، بەڵام باڵیۆزیان نییە و باڵیۆزخانەکانیان لەلایەن دیپلۆماتەکانیان لەژێر ناوی "بەرپرسی کاروبار" بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان رانەگەیاندووە. 
 
لە مانگی ئابی ساڵی 2021ـەوە، تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان وەرگرتووە و حکومەتی پێکهێناوە، بەڵام هیچ وڵاتێك بە فەرمی دانی بە دەسەڵاتەکەی نەناوە و هەمووان چاوەڕێی هەڵسوکەوتی تاڵیبان و ئاستی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دەکەن بە تایبەت لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین، پێدانی مافی ژنان تایبەت بە کارکردن و خوێندن؛ هەروەها دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی ئەفغانستان و ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بە رێگریکردن لە گرووپە چەکدارەکان بەوەی نەبنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان، وەک قاعیدە و داعش.
 
هەرچەندە لەڕووی ئەمنییەوە لەو کاتەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، قاعیدە و داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە خاکی ئەفغانستانەوە هێرشیان نەکردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێی، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆیی، تاڵیبان ژنانی لە کارکردن دوورخستەوە و کچانیشی لە خوێندنی پۆلی حەوتەوە بێبەشکرد و ئەوەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نیگەرانی وڵاتانی لێکەوتەووە.