ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ژیریی دەستکردی تاوتوێ کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەچوو، ئامانج لێی دروستکردنی کۆدەنگییەک بوو لەسەر ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەک کە پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد بە یاسا رێکبخات و مەترسییەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە کەم بکاتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا؛ ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی ئێکس و تێسلا و بیڵ گەیتس، بەڕێوەبەری پێشووی جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەشدار بوون.
ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی ئێکس و تێسلا رایگەیاند، "بەڵێ، کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەیەکی زۆر شارستانیانە بوو، کە لەنێوان بەشێک لە زیرەکترین کەسانی جیهان بەڕێوەچوو، هەربۆیە پێموایە کە سیناتۆر شومەر خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی کرد؛ پێشموایە کە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی دەبێت و بۆ داهاتووی شارستانیەت زۆر گرنگ دەبێت."
کۆبوونەوەکە داخراو بوو، زیاتر لە 60 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران تێیدا بەشدار بوون و هەموویان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە یاسایەکی تایبەت هەبێت بتوانێت رێگە لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد، وەکو دەستوەردانی هەڵبژاردن و هێرشکردنە سەر ژێرخانی گرنگی وڵاتان بگرێت.
چەک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، "پرسیارم لە هەموو ئامادەبووان کرد لە ژوورەکە کە ئایا حکومەت پێویستە رۆڵ ببینێت بۆئەوەی ژیریی دەستکرد بە یاسا رێکبخرێت، هەموویان دەستیان بەرزکردەوە."
ئەوە دووەم جارە لە ئەمساڵدا ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەسەر رێکخستنەوەی ژیریی دەستکرد کۆببێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت چەندین کۆبوونەوەی دیکەش لەسەر ئەو بابەتە بکرێت و ئەنجوومەنەکە پڕۆژەیاسایەکی تایبەت لەوبارەیەوە دەربکات.
شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی ژیریی دەستکردەوە داوە و لە مانگی ئابی ئەمساڵیشدا 350 زانا و شارەزای بواری تەکنەلۆژیا هۆشدارییان دا، کە ئەگەر ژیریی دەستکرد لەدەست دەربچێت، مەترسیی جیدیی دەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی لەنێوچوونی مرۆڤ.