بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی؛ ئەلبانیا وەزیرێکی ژیریی دەستکرد دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەلبانیا بۆ یەکەمجار وەزیرێکی ژیریی دەستکرد دادەنێت و ئەرکی سەرەکیی ئەو وەزیرە ئەوەیە ببێتە چاودێر بەسەر حکومەتەوە و رووبەڕووی گەندەڵیی ببێتەوە.
ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا، هەنگاوێکی نائاسایی ناوە و وەزیرێکی ژیریی دەستکردی دروستکردووە، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کابینەی نوێی حکومەتەکەیدا.
ئەو وەزیرە کە مۆدێلێکی ژیریی دەستکردە، ناوی (دیێلا)یە کە بە زمانی ئەلبانی بە واتای (خۆر) دێت و چەند رۆژێک لەمەوپێش لەگەڵ راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتی ئەو وڵاتە، ئەو وەزیرە نوێیەش دەستنیشان کرا و سەرۆکوەزیران وەک "ئەندامێکی کابینە" ناساندی و رایگەیاند، لەڕێگەی ئەو وەزیرە نوێیەوە، دڵنیا دەبێتەوە لەوەی "تەندەرە گشتییەکان 100٪ بێ گەندەڵی دەبن."
پرسی دابەشکردنی تەندەرە گشتییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ، سەرچاوەی سەرەکیی گەندەڵی بووە لە ئەلبانیا. ئەو وڵاتەی ژمارەی دانیشتوانەکەی 2,8 ملیۆن کەسە و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوەیە ببێتە ئەندامێکی تەواو لە یەکێتیی ئەورووپا، بەڵام یەکێک لە مەرجەکانی ئەورووپاش بۆ ئەو وڵاتە، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە.
دیێلا لە سەرەتای ئەم ساڵدا وەک یاریدەدەرێکی ئۆنڵاین لە پلاتفۆرمی خزمەتگوزاریی گشتیی دەستی بە کارکردن کردووە و هاوکاریی بەکارهێنەرانی کردووە بۆ گەشتکردن بە ناو ماڵپەڕە خزمەتگوزارییەکان و دەستڕاگەیشتن بە نزیکەی یەک ملیۆن بەڵگەنامەی دیجیتاڵی.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تائێستا ئەو ژیریی دەستکردە هاوکار بووە لە دەرکردنی 36,600 بەڵگەنامەی دیجیتاڵی و نزیکەی 1,000 خزمەتگوزاری لە رێگەی پلاتفۆرمە ئۆنڵاینەکانەوە پێشکێش کردووە.
هەرچەندە ئەو بڕیارەی حکومەتی ئەلبانیا نوێیە، بەڵام هەموو ئەلبانییەکانیش زۆر متمانەیان بەو وەزیرەش نییە و و یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی ئەو دەستبەکاربوونی وەزیری "دژە گەندەڵی ژیریی دەستکرد"، نووسیویەتی "تەنانەت دیێلاش لە ئەلبانیا گەندەڵ دەبێت." یەکێکی دیکەش دەڵێت، "دزیی بەردەوام دەبێت و دیێلا تاوانبار دەردەچێت."
بنەبڕکردنی گەندەڵی فاکتەرێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی ئەلبانیا بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەورووپاوە. پارتی سۆسیالیستی دەسەڵاتدار، کە چوارەمین خولی حوکمڕانی بەدەست هێنایەوە، رایگەیاندووە، دەتوانێت لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەندامێتیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەلبانیا بەدیبهێنێت و گفتوگۆکان تا ساڵی 2027 کۆتاییان دێت.
بڕیارە ئەندامانی نوێی پەرلەمانی ئەلبانیا بەمزووانە دەنگ لەسەر کابینەی نوێ بدەن، بەڵام تائێستا روون نییە کە ئایا ئەو دەنگدانە، وەزیرەکەی ژیریی دەستکردیش دەگرێتەوە یان نا.
گازمێند باردی، سەرۆکی فراکسیۆنی دیموکراتەکان لە پەرلەمانی ئەلبانیا، رایگەیاند، پێگەی ئەو وەزیرە بە نادەستووریی دەزانێت و ئەو دەڵێت، "ناتوانرێت گاڵتەجاڕیی سەرۆکوەزیران بکرێتە کردارێکی یاسایی لە ئەلبانیا."