ئیدارەی ترەمپ و تاڵیبان تاوتوێی گۆڕینەوەی زیندانییەکانیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەفغانستان و ئەمریکا رایانگەیاند، ئادەم بۆلەر، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری دەستبەسەرکراوان، رۆژی شەممە بە سەردانێک گەیشتووەتە کابوول، تاوەکو لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان گۆڕینەوەی زیندانییان تاوتوێ بکات.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پۆلەر، نووسینگەی عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەفغانستان رایگەیاند، "ئادەم بۆلەر سەبارەت بە پرسی ئەو هاووڵاتییانەی لە ئەفغانستان و ئەمریکا زیندانیکراون گوتی، هەردوو وڵات زیندانییەکانیان دەگۆڕنەوە."
بەڵام مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پرۆسەی گۆڕینەوەکەی پشتڕاست نەکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بۆلەر بۆ "تاوتوێکردنی ئەگەرەکان" سەردانی کابوولی کردووە.
روبیۆ لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی گوت، "نێردە تایبەتەکەمان بۆ کاروباری دەستبەسەرکراوانی نایاسایی ماوەیەکە گفتوگۆ دەکات." گوتیشی، "بڕیار لەبارەی هەر رێککەوتنێک یان هەر گۆڕینەوەیەک لە دەستی سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ)دایە، بەڵام ئێمە زۆر خوازیارین هەموو ئەمریکییەک، یان هەر کەسێک کە بە نایاسایی دەستبەسەر کرابێت، ئازاد بکرێت. بۆیە ئەو بۆ تاوتوێکردنی رێگەکانی بەدیهێنانی ئەوە چووەتە ئەوێ."
پێدەچێت لانیکەم یەک هاووڵاتیی ئەمریکی بەناوی مەحموود حەبیبی لە ئەفغانستان دەستبەسەر بێت. ئەمریکا خەڵاتێکی 5 ملیۆن دۆلاریی بۆ هەر کەسێک داناوە کە زانیاری لەبارەی شوێنەکەیەوە بدات، لە کاتێکدا تاڵیبان رەتیدەکاتەوە دەستی لە دیارنەمانیدا هەبێت، کە لە ساڵی 2022ەو بێسەروشوێنە.
مانگی ئاداری ئەم ساڵ جۆرج گلایزمان، هاووڵاتیی ئەمریکی و میکانیکی پێشووی فڕۆکە کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە ئەفغانستان دەستبەسەر بوو، دوای سەردانێکی پۆلەر بۆ کابوول ئازاد کرا.
بۆلەر لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان باسی لە پرسی زیندانییان کرد.
حەمدوڵڵا فیترەت، جێگری گوتەبێژی حکومەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسە جیاوازە هەنووکەیی و داهاتووەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەتایبەتی پرسی ئەو هاووڵاتییانەی لە هەردوو وڵات زیندانیکراون."
دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لەدوای گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات لە مانگی ئابی 2021 و پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، دەیان هاووڵاتیی بیانییان دەستگیرکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەم هەفتەیە گەڕانەوەی هاووڵاتییەکی رووسی راگەیاند کە نزیکەی دوو مانگ بوو لە ئەفغانستان زیندانی کرابوو.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، هاووڵاتییەکەیان "لە مانگی تەممووزی رابردووەوە لە ئەفغانستان بە تۆمەتی چەندین سەرپێچی دەستبەسەر کرابوو... دەسەڵاتدارانی ئەفغانستانیش لەسەر داوای لایەنی رووسی و بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە دۆستانەکانی" نێوان ئەفغانستان و رووسیا ئازادیان کرد، کە رووسیا تاکە وڵاتە دان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا دەنێت.
لە تەممووزی 2024دا، کابوول رایگەیاند لەگەڵ واشنتن گفتوگۆ لەسەر پرسی زیندانییان دەکات و لە کانوونی دووەمدا، دوو هاووڵاتیی ئەمریکی لە بەرامبەر ئازادکردنی چەکدارێکی ئەفغانستانی بە ناوی خان محەممەد، ئازادکران، کە بە تۆمەتی تیرۆری پەیوەست بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزا درابوو.
حکومەتی میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان چەندینجار رایگەیاندووە، دەیەوێت پەیوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا، سەرەڕای ئەو شەڕەی کە بۆ ماوەی 20 ساڵ لە نێوانیاندا بەردەوام بوو.
چەندین وڵات، لەوانە پاکستان، چین، تورکیا، ئیمارات و ئێران، باڵیۆزخانەکانیان لە دوای ساڵی 2021 لە کابوول بە کراوەیی هێشتووەتەوە.