ژیریی دەستکرد بازاڕی کار دەگۆڕێت؛ گەورە کۆمپانیاکان کارمەندەکانیان دەردەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

لە ساڵی 2025ـدا، زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، لەوانەش ئۆراکڵ، سکەیڵ ئەی ئای و مێتا، دەستیان بە کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندەکانیان کردووە، ئەمەش درێژەی ئەو رەوتەیە کە لە دوو ساڵی رابردوودا دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی لەدەستدانی هەلیکار لە بوارە جیاوازەکانی وەک تەکنۆلۆژیا، دارایی، میدیا، فرۆشتن و وزە.
 
کاریگەریی ژیریی دەستکرد 
 
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کەمکردنەوەیە، گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکردە. بەپێی ڕاپرسییەکی کۆڕی ئابووریی جیهانی (WEF)، 41%ـی کۆمپانیاکان پێشبینی دەکەن لە پێنج ساڵی داهاتوودا بەهۆی ژیریی دەستکردەوە ژمارەی کارمەندەکانیان کەم بکەنەوە. 
 
هەندێک لە کۆمپانیاکان وەک ئۆراکڵ، سی ئێن ئێن، درۆپبۆکس و بلۆک، پێشتر بەهۆی ژیریی دەستکردەوە کارمەندیان دەرکردووە. ئەمازۆن تاوەکو ئێستا هیچ کارمەندێکی لە 2025ـدا دەرنەکردووە، بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، بە گەشەسەندنی ژیریی دەستکرد، ژمارەیەکی کەمتر کارمەند بۆ هەندێک ئەرک پێویست دەبێت.
 
هەلی کاری نوێ لە تەکنۆلۆژیادا
 
سەرەڕای ئەم کەمکردنەوانە، هەموو کارەکان لەناو ناچن؛ بەپێی WEF، پێشبینی دەکرێت رۆڵە تەکنەلۆژییەکان لە بوارەکانی وەک ژیریی دەستکرد، داتا گەورەکان (big data) و تەکنەلۆژیای دارایی (fintech) تاوەکو ساڵی 2030 دوو ئەوەندە زیاد بکەن.
 
ئەدیداس
 
کۆمپانیای ئەدیداس پلانی هەیە نزیکەی 500 کارمەند لە بارەگا سەرەکییەکەی لە ئەڵمانیا دەربکات، ئەمە سەرەڕای قازانجە بەهێزەکانی لە کۆتایی 2024دا. ئەدیداس رایگەیاندووە، ئەم کەمکردنەوەیە بۆ پارە پاشەکەوتکردن نییە، بەڵکو بۆ سادەکردنەوەی پێکهاتەکەی و باشترکردنی شێوازی کارکردنییەتی.
 
مایکرۆسۆفت
 
مایکرۆسۆفت، یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان، ئەم ساڵ چەندین جار کارمەندی دەرکردووە، کە لە مانگی یەکەوە بە دەرکردنی کارمەندان لەسەر بنەمای ئاستی کار دەستیپێکرد. 
 
هەندێک لە کارمەندان هیچ قەرەبوو و قازانجێکیان وەرنەگرتووە و خزمەتگوزارییەکان دەستبەجێ راگیراون. دەرکردنەکان کاریگەرییان لەسەر بەشەکانی یاریکردن و فرۆشتن هەبووە. لە مانگی پێنجدا، نزیکەی 6,000 کارمەند دەرکران، دواتر لە مانگی حەوتدا 9,000 کارمەندی دیکە دەرکران، ئەمەش کەمتر لە 4%ـی کۆی هێزی دەستی کارەکەیەتی کە نزیکەی 220,000 کارمەندە.
 
مێتا 
 
مێتا، بە سەرۆکایەتیی مارک زوکەربێرگ رایگەیاند، 5%ـی هێزی کارەکەی کەم دەکاتەوە، بە تیشک خستنەسەر "ئەوانەی ئاستی کارکردنیان نزمە."
 
ئەم کەمکردنەوەیە لە مانگی شوباتدا دەستیپێکرد و کاریگەری لەسەر تیمەکانی فەیسبووک، پلاتفۆرمی (Horizon) و بەشی لۆجیستی هەبوو. لە مانگی نیساندا، دەرکردنی دیکە لە بەشی Reality Labs روویدا. لە ساڵی 2022ـوە، مێتا زیاتر لە 21,000 کارمەندی دەرکردووە.
 
دیزنی 
 
دیزنی پشتڕاستی کردەوە کە سەدان کارمەندی لە سەرانسەری جیهاندا دەردەکات، ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر رۆڵەکانی مارکێتینگ لە بەشەکانی فیلم و تەلەڤیزیۆندا هەبووە. بەشەکانی دیکەی وەک پەیوەندییە گشتییەکان، هەڵبژاردنی ئەکتەر، پەرەپێدان و دارایی کۆمپانیاش کاریگەرییان لەسەر بووە.
 
هەر ئەم ساڵ، دیزنی نزیکەی 200 کارمەندی لە گرووپی هەواڵی ABC و تۆڕەکانی Disney Entertainment دەرکرد. ئەم کەمکردنەوانە بەشێکن لە پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی بەرفراوان کە دوای گەڕانەوەی بۆب ئیگەر وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە 2022ـدا دەستیپێکرد، کە پلانی کەمکردنەوەی 7,000 هەلی کاری لە سەرانسەری جیهاندا لەخۆگرتبوو.
 
سی ئێن ئێن
 
سی ئێن ئێن نزیکەی 200 کارمەندی لە مانگی یەکدا دەرکرد. ئەم کەمکردنەوەیە نزیکەی 6%ـی هێزی کارەکەی پێکدەهێنا و رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی کۆمپانیاکە بوو بەرەو پلاتفۆرمە هەواڵییە دیجیتاڵییەکان. مارک تۆمپسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکار جەختی لەسەر گونجاندنی سی ئێن ئێن لەگەڵ خووە گۆڕاوەکانی بینەران کردەوە بۆ پاراستنی کاریگەری و سەقامگیری لە دیمەنی میدیای گۆڕاودا.
 
ستاربەکس 
 
ستاربەکس لە مانگی شوباتدا ئاگاداریی بە 1,100 کارمەند دا کە دەردەکرێن، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵێکی رێکخستنەوە بۆ زیادکردنی کارایی و یەکخستن. برایان نیکۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ستاربەکس دڵنیایی دا کە کارمەندانی ئاستی فرۆشگە کاریگەرییان لەسەر نابێت. 
 
بۆینگ 
 
بۆینگ لە مانگی شوباتدا پلانی بۆ کەمکردنەوەی 400 کارمەند لە پڕۆگرامی مووشەکیی مانگی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی تێچوونەکان و دواکەوتنەکان لە ئەرکەکانی (ئارتێمیز)ـی ناسادا. 
 
ئەم کەمکردنەوەیە پەیوەندیی بە گۆڕانکارییەکانی خشتەی کاتی ئەرکەکانی ئارتێمیز 2 و ئارتێمیز 3 هەیە، کە کاتیان بۆ 2025 و 2026 دواخستووە. بۆینگ ئامانجیەتی کارمەندە کاریگەرەکان لە بەشەکانی دیکەی کۆمپانیاکەدا دابنێتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیاکە پار 10%ـی هێزی کارەکەی کەمکردبووەوە.
 
شیڤرۆن 
 
شیڤرۆن پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی 2026 نزیکەی 20٪ـی هێزی کاری لە سەرانسەری جیهاندا کەم بکاتەوە، کە رەنگە نزیکەی 9,000 هەلی کار لەناو ببات. 
کۆمپانیا گەورەکەی نەوت ئامانجییەتی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییەکانی سادە بکات و تێچوونەکان کەم بکاتەوە.
 
شیڤرۆن پێشبینی دەکات لە رێگەی ئەم گۆڕانکارییانەوە لە نێوان 2 بۆ 3 ملیار دۆلار پاشەکەوت بکات و دەیەوێت خۆی بۆ کێبڕکێیەکی بەهێزتر لە داهاتوو ئامادە بکات.
 
بی پی  (BP) 
 
بی پی 7,700 رۆڵ لە سەرانسەری جیهاندا کەم دەکاتەوە، لەوانە 4,700 کارمەندی هەمیشەیی و 3,000 کارمەندی بە گرێبەست، کە نزیکەی 5%ـی هێزی کارەکەی پێکدەهێنێت. ئەمەش بەشێکە لە پڕۆگرامێک بۆ سادەکردنەوە و تیشک خستنە سەر کۆمپانیاکە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێ و کەمکردنەوەی تێچووی کارکردن.
 
نیسان 
 
نیسان ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بووەتەوە و پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2027، 20,000 کارمەند دەربکات، کارگەکانیشی لە 17 بۆ 10 کارگە کەم بکاتەوە. کۆمپانیاکە بەهۆی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا لەسەر ئۆتۆمبێلە هاوردەکان و دابەزینی فرۆش لە چیندا زیانی زۆری بەرکەوتووە. نیسان لە ساڵی دارایی 2024ـدا 4.5 ملیار دۆلار زیانی راگەیاند و پێشبینی قازانجی 2025ـی بەهۆی نادڵنیاییەکانی پێناسەکانەوە رانەگەیاندووە.
 
ئۆراکڵ 
 
بەپێی راپۆرتەکان، ئۆراکڵ بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان لە ناو وەبەرهێنانە زۆرەکانی ژێرخانی ژیریی دەستکرددا، کارمەندەکانی کەمدەکاتەوە. هەندێک لە دەرکردنەکان پەیوەست بوون بە ئاستی کارکردنی کارمەندان، هەرچەندە کۆمپانیاکە بە فەرمی لەسەر وردەکارییەکان قسەی نەکردووە.
 
بلومبێرگ 
 
ئاژانسی هەواڵیی بلومبێرگ وەک بەشێک لە رێکخستنەوەی ژووری هەواڵ، کارمەندانی دەستەی نووسین کەم دەکاتەوە، ئەمەش بە ئامانجی یەکخستنی تیمە بچووکەکان بۆ یەکەی گەورەتر. سەرەڕای کەمکردنەوەکانی ئێستا، کۆمپانیاکە هێشتا پلانی هەیە ژمارەی گشتیی کارمەندان تاوەکو کۆتایی ساڵ زیاد بکات. بلومبێرگ ئێستا نزیکەی 2,700 رۆژنامەڤان و سەرنووسەری هەیە.
 
پاراماونت 
 
کۆمپانیای پاراماونتی تایبەت بە بەرهەمهێنانی سینەمایی رایگەیاند، 3.5%ـی هێزی کارەکەی لە ئەمریکا بەهۆی کێشەکانی پیشەسازی و بارودۆخی ئابووری کەمدەکاتەوە. ئەمەش دوای کەمکردنەوەی 15٪ـی کارمەندان دێت لە 2024ـدا. کۆمپانیاکە لە کۆتایی 2024ـدا 18,600 کارمەندی هەبوو و چاوەڕێی پەسەندکردنی رێکخستنە بۆ یەکگرتن لەگەڵ کۆمپانیای سکایدانس میدیا.
 
پاناسۆنیک
 
پاناسۆنیک پلانی هەیە تاوەکو مانگی ئاداری 2026، 10 هەزار کارمەند لە سەرانسەری جیهاندا کەم بکاتەوە، کە 5,000 رۆڵ لە ژاپۆن و 5,000 لە دەرەوەی وڵات دەگرێتەوە. کۆمپانیاکە ئامانجیەتی بە پێداچوونەوە بە کارە ئۆپەراسیۆنییەکان کارایی زیاد بکات، بە تایبەتی لە بەشەکانی فرۆشتن و و باشترکردنی توانای کارمەندانی جیهانی.
 
پۆرش
 
پۆرش پلانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی 3,900 کارمەند لە چەند ساڵی داهاتوودا ئاشکرا کرد. نزیکەی 2,000 کەمکردنەوە بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستە کاتییەکانەوە روودەدات و 1,900ـی دیکە لە رێگەی خانەنشینبوون و کەمکردنەوەی دامەزراندن تاوەکو ساڵی 2029 دەبێت. 
 
بلو ئۆریجن  
 
بلو ئۆریجن، کۆمپانیای بۆشایی ئاسمانیی جێف بێزۆس، نزیکەی 10٪ـی هێزی کارەکەی، واتا زیاتر لە هەزار کارمەند دەردەکات. ئەم کەمکردنەوەیە سەرنجی لەسەر رۆڵەکانی ئەندازیاری، توێژینەوە، پەرەپێدان و بەڕێوەبردن بوو. 
 
دەیڤید لیمپ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار ئاماژەی بە پێویستیی کەمکردنەوە و باشتر گونجاندنی تیمەکان کرد، چونکە کۆمپانیاکە هەوڵدەدات قەبارەی بەرهەمهێنان زیاد بکات و خێرایی هەڵدانی مووشەکەکانی بەرز بکاتەوە.
 
واشنتن پۆست 
 
رۆژنامەی واشنتن پۆست، کە جێف بیزۆس خاوەنیەتی، کەمتر لە 100 کارمەندی دەرەوەی ژووری هەواڵی لە مانگی یەکدا دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان. ئەم کەمکردنەوانە کاریگەرییان لەسەر کارمەندانی ژووری هەواڵ نەبوو. گوتەبێژێک جەختی لەسەر پابەندبوونی کۆمپانیاکە بە گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی پیشەسازی و گەیشتن بە بینەران بە شێوەیەکی کاریگەرتر کردەوە.