لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات زۆرینەی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمی نۆردراین فێستڤاڵن لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. پارتی یەکێتیی کرسیتیان دیموکراتی پارێزگار؛ یەکەم، پارتی سۆشیال دیموکراتی چەپڕۆی میانڕۆ دووەم و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندئاژۆی دژە کۆچبەر سێیەم بوو.
رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن بەڕێوەچوو کە زۆرترین دانیشتووانی لە ئەڵمانیا هەیە.
بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی کە میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، پارتی یەکێتیی کرسیتیان دیموکرات 34٪ـی دەنگەکانی بردەوە، ساڵی 2020، 34.3٪ـی دەنگەکانی بردبووەوە. هەروەها، پارتی سۆشیال دیموکرات 22.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، هەڵبژاردنی رابردوو 24.3٪ـی دەنگەکانی بردبوو.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 16.5٪ـی دەنگەکانی بردەوە، هەڵبژاردنی پێشوو 5.1٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. پارتی سەوزەکانیش 11.5٪ـی دەنگەکانی برد، هەڵبژاردنی رابردوو 20٪ی بردبووەوە.
نزیکەی 20 هەزار بەربژێر رکابەرییان لەسەر 427 پۆستی شارەوانی هەرێمەکە دەکەن.
لەنێو بەربژێرەکاندا چەندین کورد لەسەر پارتی جیاواز خۆیان بەربژێر کردبوو و بێریڤان ئایماز یەکێک بوو لە بەربژێرەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، بێریڤان ئایماز لە شاری کوێلن 27.62٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و لە پێشی پێشەوەیە. ئەو دەچێتە خولی دووەم و ئەگەر زۆرینە بباتەوە، ئەوکات دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی شارەکە.
بۆ سەرکەوتن، هەر بەربژێرێک پێویستی بە بردنەوەی زیاتر لە 50٪ی دەنگەکانی ناوچەکەیەتی. ئەگەر نا، پێویستە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان دوو بەربژێردا بکرێت کە لە ناوچەکە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.
نزیکەی 13.7 ملیۆن کەس لەو هەرێمەی ئەڵمانیادا مافی دەنگدانی هەبوو. هەر بەربژێرێکی سەرکەوتووش پێنج ساڵ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.