منداڵپارێزی جیهانی: 1.4 ملیۆن منداڵ لە باشووری سوودان تووشی بەدخۆراکی بوون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی رایگەیاند، ملیۆنێک و 400 هەزار منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵان لە باشووری سوودان تووشی بەدخۆراکی بوون.
لە نوێترین راپۆرتیدا سەبارەت بە بارودۆخی مرۆیی لە باشووری سوودان، رێکخراوە بەریتانییەکە رایگەیاند: "لە کۆی 11 ملیۆن دانیشتووانی ئەو وڵاتە نزیکەی 8.9 ملیۆنیان پێویستییان بەهاوکاری مرۆیی هەیە، لەنێویاندا ملیۆنێک و 400 هەزار منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵان هەن، کە بەسەختی تووشی بەدخۆراکی بوون".
رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی، رێکخراوێكی سەربەخۆی بەریتانییە لە ساڵی 1919 لە لەندەن دامەزراوە، زیاتر لە 30 وڵات تێیدا ئەندامن و لە زیاتر لە 120 وڵات لقیان هەیە.
رێکخراوەکە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر باشووری سوودان کرد و رایگەیاند: "چوار ساڵ لەدوای یەک لافاو لە باشووری سوودان دروست دەبێت کە دوایینیان زیانی بە زیاتر لە 615 هەزار کەس گەیاندووە و دەیان هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی لەناوبردووە."
جێپ رابیلتۆسابورن، سەرۆکی لقی رێکخراوەکە لە باشووری سوودان رایگەیاند: "ئەو وڵاتە یەکێکە لە 5 وڵاتی جیهان کە گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین زیانی پێگەیاندوون". گوتیشی: "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەشی زۆری بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لەنێوچوون، ئەوە سەرباری ناسەقامگیری سیاسی کە دەرهاوێشتەی خراپی ئابووریشیانی لێکەوتووەتەوە.
باشووری سوودان لە 2011 لە دوای گشتپرسییەک لە سوودان جیابووەوە و سەربەخۆیی راگەیاند، لەو کاتەوە باشووری سوودان کەوتووەتە نێو ململانێی سیاسی کە هەندێجار بە شەڕی ناوخۆیی نێوان هۆزەکان گەیشتووە و بەهۆیەوە زیاتر لە 3 ملیۆن کەس ئاوارە بوون.
رێکخراوی منداڵپارێز رایگەیاند: "لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بەهای دراوی وڵات بە زیاتر لە 40٪ دابەزیوە، کە بووەتە هۆی هەڵکشانی هەڵاوسان و گرانبوونی خۆراک و کالا سەرەکییەکان".