مەترسیی داخستن لەسەر گەورەترین کتێبخانەی کوردی لە سوێد هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

ساڵانی زۆرە لە سوێد کتێبخانەی کوردی هەیە و دەکەوێتە شاری ستۆکهۆڵم، بە سەتان کتێب لەو کتێبخانەیە هەن. ئێستا دۆخی کتێبخانەکە زۆر باش نییە، بەتایبەتی لەڕووی داراییەوە. 
 
نەوزاد هرووری، بەڕێوەبەری کتێبخانەکە، میوانی دیاسپۆرا بوو و گوتی، "دۆخی ئابووریی کتێبخانەی کوردی لە سوێد خراپە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی ئێستای سوێد هاوکاریی ماددی فەرهەنگخانەکان ناکات." دەشڵێت، "ئەگەر دۆخی ماددی وەکو ئێستای کتێبخانەکە بەمشێوەیە بمێنێتەوە خراپ دەبێت، لەوانەیە کتێبخانەکە لەدەستبدەین." 
 
نەوزاد هرووری روونیکردەوە، ئەوان خەریکی کەمپەینێکی ماددین بۆ مانەوەی کتێبخانەی کوردی لە سوێد. دەشڵێت، "دەمانەوێ باڵەخانەیەک بۆ کتێبخانەی کوردی لە سوێد بکڕین، ئێستا نزیکەی 150 هەزار کورد لە سوێد دەژین، ئەگەر هەر یەکێکیان بڕێکی کەم پارە بدات کتێبخانەکە دەبووژێتەوە و دەبێتە خاوەن باڵەخانە، هەروەها کاروبارەکانیشی باشتر بەڕێوەدەچن و دەوڵەمەندتریش دەبێت لەڕووی کتێب و بەرهەمەکانییەوە."
 
بەڕێوەبەری کتێبخانەکە گوتی، جگە لە کەمپەینەکە، داوای هاوکاریی ماددییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ مانەوەی کتێبخانەی کوردی لە سوێد.