هەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی لەگەڵ دوو شاری ئەمریکا و سکۆتلاند بوونە نموونەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لە کۆنفرانسێکدا لە کەنەدا، سلێمانی لەگەڵ شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکا و ئێدنبەرە لە سکۆتلاند، لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا وەکو نموونەی شایستەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان ناسێندرا.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 14ی ئۆکتۆبەری 2023 رایگەیاند، رۆژانی 9 بۆ 13ی ئەم مانگە لەسەر بانگهێشت و میوانداریی فەرمیی تۆڕی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهان و رێکخەری تۆڕەکە، لە شاری کیوبیکی وڵاتی کەنەدا لەگەڵ شەماڵ ئەبوبەکر، رێکخەری خۆبەخشی ژووری سلێمانیی شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ بەشدارییان کردووە لە کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا.
 
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "کۆنفرانسەکە شاری سلێمانی وەکو یەکێک لە شارە سەرکەوتوو و دەرکەوتووەکانی ئەم بوارە لە جیهاندا ناساند؛ سلێمانی لەگەڵ شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکا و ئێدنبەرە لە سکۆتلاندا لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا بوونە نموونەی شایستەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان و لە رۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکەیشدا ئەزموونی خۆیان پێشکێش بە شارە بەشداربووەکان کرد."
 
لەو کۆنفرانسەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لە کار و چالاکییەکان و کردنەوەی کتێبخانەی ئەدەبی نێودەوڵەتی لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بۆ ئامادەبووان کردووە؛ هەروەها پاکێجێکی چەند کتێبیی کوردیی وەرگێڕدراو بۆ ئینگلیزی و کورتەیەکی چاپکراو لەسەر پارێزگای سلێمانی پێشکێشی نوێنەرانی شارە بەشداربووەکانی کۆنفرانسەکە کردووە، کە هەریەکە لە شارەکانی ئەم وڵاتانە بوون: فەرەنسا، ئیسپانیا، لوبنان، کۆریای باشوور، ئیرلەندا، نیوزیلاند،ئەفریقای باشوور، سکۆتلاند، بەریتانیا، سوێد، ئەڵمانیا، ئەمریکا،  ئەندەنووسیا، پۆڵەندا، فینلاند، هۆڵەندا، نەرویج، سلۆڤینیا، ئۆکراینا، بەریتانیا، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، چین، چیک، ئایسلاند، ئیستۆنیا و لیتوانیا.
 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری سلێمانی، "ژووری سلێمانی بە یەکێک لە چالاکترین و پڕ پەیوەندیترین ژووری تۆڕەکە ناسێندرا کە توانیویەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەگەلێکی زۆر باش کار بکات و کاری هاوبەش لەگەڵ زۆربەی ژوورەکانی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان رێکبخات؛ هەروەها سەرۆکایەتیی دیداری رۆژی وەرگێڕانی ناو کۆنفرانسەکە بکات، جگە لە بەشدارییە بەردەوامەکانی لە هەموو رۆژەکانی کۆنفرانسەکەدا."
 
سلێمانی تەنیا شاری کوردستان و عێراق و ناوچەکە بووە بەشداریی لەو دیدارەدا کردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "رێکخراوی یونسکۆ بەپێی چەند مەرج و پێوەر و داواکاریی و بنەمایەکی نێودەوڵەتیی تەنیا نازناوەکە بە شارێک دەبەخشێت بێ هیچ پشتیوانی و کۆمەکێکی دارایی، هەموو خەرجی و ئەرکە دارایی و ماڵییەکان دەکەوێتە سەر خودی شارەکە خۆی."