بایدن ستایشی ترەمپ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد دوای واژۆکردنی بەڵگەنامەی رێککەوتنی ئاشتیی غەززە. بایدن رایگەیاند، "هەست بە ئاسوودەییەکی زۆر دەکەم" و هیوای خواست رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام هەنگاو بنێت.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "هەست بە سوپاسگوزاری و ئاسوودەییەکی زۆر دەکەم کە ئەم رۆژە هات. بۆ ئەو بیست بارمتە زیندووەی کە دۆزەخێکی باوەڕپێنەکراویان بەڕێکرد و لە کۆتاییدا بە خانەوادە و خۆشەویستانیان شادبوونەوە، و بۆ هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە کە زیانێکی گەورەیان بەرکەوت و لە کۆتاییدا دەرفەتی ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان دەبێت."
 
جەنگی ‌غەززە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بایدن دەستیپێکرد، بایدن دەڵێت: "رێگەی گەیشتن بەم رێککەوتنە ئاسان نەبوو. ئیدارەکەی من بەردەوام کاری دەکرد بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوە، دابینکردنی یارمەتی بۆ هاووڵاتییە فەلەستینییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ."
 
لە درێژەی پەیامەکەیدا بایدن ستایشی ترەمپ و تیمەکەی کردووە، بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئاگربەست.
 
لە کۆتاییدا بایدن دەڵێت: "ئێستا، بە پشتیوانیی ئەمریکا و جیهان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر رێگەی ئاشتییەکە کە هیوادارم بەردەوام بێت."