ترەمپ هەڕەشەی چەککردنی حەماس و داوای رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکانی ئیسرائیل دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستێکی تووند بەرامبەر بزووتنەوەی حەماس دەردەبڕێ و هۆشداری دەدات کە ئەگەر چەکدارانی ئەو بزووتنەوەیە خۆیان چەک دانەنێن، "ئێمە چەکیان دەکەین." داواش دەکات حەماس پابەندی بەڵێنەکانی بێت و تەرمی بارمتەکان رادەست بکاتەوە.
ئەم لێدوانە تووندەی ترەمپ تەنیا رۆژێک دوای گەڕانەوەی لە گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێت.
ترەمپ سەردانەکەی وەک "بەرەبەیانێکی مێژوویی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ" ناوبردبوو، بەڵام پرسیاری جیدی لەبارەی قۆناخەکانی داهاتووی رێککەوتنەکە و میکانیزمی جێبەجێکردنی دروست بووە.
ترەمپ لە کۆشکی سپی لەبارەی چەکدارانی حەماس قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: "ئەگەر خۆیان چەک دانەنێن، ئێمە چەکیان دەکەین. ئەمەش بەخێرایی و رەنگە بە تووندوتیژیش رووبدات."
سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەیامێکی روونی بۆ حەماس ناردووە و گوتی: "قسەم لەگەڵ حەماس کرد و پێم گوتن، ئێوە چەک دادەنێن و ئەوانیش گوتیان، بەڵێ گەورەم، ئێمە چەک دادەنێین".
ترەمپ دواتر روونیکردەوە کە ئەم پەیامە "لە رێگەی خەڵکی خۆمەوە" گەیێندراوە، نەوەک لە رێگەی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان خۆی و سەرکردەکانی حەماسەوە.
چەککردنی حەماس یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی پلانی 20 خاڵیی ئیدارەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن، بەڵام حەماس تاوەکو ئێستا بە فەرمی رەتیکردووەتەوە لەم قۆناخەدا چەک دابنێت.
خاڵێکی دیکەی سەرەکیی ناکۆکییەکان، پرسی گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو بارمتانەیە کە لەلایەن حەماسن. رۆژی دووشەممە 20 بارمتەی زیندوو ئازادکران و گەیشتنەوە ئیسرائیل، بەڵام هێشتا چارەنووسی تەرمی 24 بارمتە نادیارە.
حەماس تاوەکو ئێستا تەنیا تەرمی 4 کەسی رادەست کردووەتەوە، ئەوەش تووڕەیی لە ئیسرائیل و واشنتن لێکەوتووەتەوە. ئیتامار بێن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە هەڕەشەی بڕینی هەموو هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە کرد، ئەگەر حەماس تەرمی سەرباز و هاووڵاتییە کوژراوەکان نەگەڕێنێتەوە.
پێشتریش ترەمپ لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیبووی، "هەر بیست بارمتەکە گەڕاونەتەوە و تەندروستییان هێندەی چاوەڕوان دەکرا باشە. بارێکی گەورە لەسەر شانمان لادرا، بەڵام ئەرکەکە تەواو نەبووە."
دواتر ترەمپ گوتی، "تەرمەکان نەگەڕێندراونەتەوە، وەک بەڵێن درابوو. قۆناخی دووەم هەر ئێستا دەستپێدەکات."
لە بەرامبەردا و وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە، نەخۆشخانەیەکی غەززە رایگەیاند، تەرمی 45 فەلەستینییان لەلایەن ئیسرائیلەوە وەرگرتووەتەوە کە لە ماوەی جەنگەکەدا گیانیان لەدەستدابوو.