ترەمپ و زیلینکسی لە کۆشکی سپی تاوتوێی پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکراینا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە، بەمەبەستی فراوانکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا و تاوتوێکردنی پێدانی چەکی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەتایبەتی مووشەکی پێشکەوتووی تۆماهۆک، ئەمەش وەکو رێکارێکی دیکەی سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو فشاری زیاتر بخاتە سەر رووسیا.
رۆژی دووشەممە، زیلینسکی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بڕیارە 17ی ئەم مانگە سەردانی ئەمریکا بکات و بێجگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شاندە باڵاکەی ئۆکراینا لەگەڵ سیاسەتڤانان و کۆنگرێسمان و کۆمپانیا سەربازییەکانی ئەمەریکا کۆدەبنەوە مەبەبستی فراوانکردنی هاوهانگییە سەربازییەکانیان.
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی، ترەمپ لەکاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی ئاشتی شەرم شێخی میسر، دووپاتیکردەوە، ئەمە سێیەم سەردانی سەرۆکی ئۆکراینا دەبێت بۆ کۆشکی سپی، لەوەتەی ئەو گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە.
زیلینسکی ئاماژە بەوەش کردووە لەماوەی هەفتەی رابردوودا، دووجار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووە و تێیدا تاوتوێی "ئەو ئاڵنگارییانەیان" کردووە، رووبەڕووی سوپای ئۆکراینا بوونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە چڕتر و فراوانتر کردووە.
لەبارەی گفتوگۆکانی و سەردانەکەی رۆژی هەینیشی بۆ واشنتن، زیلینکسی دەڵێت "ئێمە گفتوگۆمان لەسەر هەندێک بابەتی هەستیار کرد. پێمانوایە ئەو گفتوگۆیانە بەس نەبوون، هەرچەندە گرنگیش بوون."
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر لەئێستاوە، شاندێکی ئۆکراینا بە سەرۆکایەتیی یولیا سڤیریدینکۆی، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی و راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئۆکراینی لە واشنتنن.
زیلینسکی ئەوەشی ئاشكرا کرد بە گەیشتنی ئەو بۆ ئەمریکا، پلانیان هەیە کۆبوونەوەی زیاتر لەگەڵ کۆمپانیا سەربازییەکانی ئەمریکا، سیناتۆرەکان و ئەندامانی کۆنگرێس بکەن.
گوتیشی "بابەتە سەرەکییەکان سیستمی بەرگریی ئاسمانی و رێگەکانی دیکەیە بۆ بۆ گوشار خستنە سەر رووسیا."
"ترەمپ هانا بۆ ئەردۆغان دەبات"
سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە رۆلی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کرد بۆ راگرتنی جەنگی سێ ساڵە و نیوی نێوان ئۆکراینا و رووسیا و ئەردۆغانی بە سەرکردەیەک ناوبرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو جەنگە.
هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و سەرۆککۆماری تورکیا، ترەمپ گوتی "کاتێک ناتۆ کێشەی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە، کە زۆر روودەدات، پەیوەندیم پێوە دەکەن، تاوەکو قسەی لەگەڵ بکەم، منیش هەرگیز شکستم نەهێناوە لە چارەسەرکردنی دەستبەجێی ئەو کێشانە."
چڕکردنەوەی گوشارەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر رووسیا، لەکاتێکدایە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ترەمپ و زیلینسکی، لەسەر فرۆشتنی مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی و رێگاکانی کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکراینا بووە.
وەفدی ئۆکرانیا بە سەرۆکایەتیی یولیا سڤیریدینکۆ و روستەم ئومرۆڤ چوونە واشنتن بۆ تاوتوێکردنی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، توانای هێرشبردن، ئاسایشی وزە و فراوانکردنی سزاکانی سەر رووسیا.
لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، ئێستا سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە تیمەکەی کردووە، سەرنجیان لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکراینا و دواتر رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران بێت.
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگەش، لەکاتێکدایە رووسیا لە چەند هەفتەی رابردوودا هێرشەکانی چڕکردووەتەوە و ژێرخانی کارەبا و گازی ئۆکراینای کردووەتە ئامانج.
"رۆڵی ئەورووپا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ"
لەلایەکی دیکەوە، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ زیلینسکی لە برۆکسل، بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە گوشارخستنە سەر مۆسکۆ.
هەروەها دڵنیایی دا لەوەی ناڕەزاییەتییەکانی هەنگاریا لەسەر پاکێجی نوێی ئەورووپا بۆ سزادانی رووسیا چارەسەر دەکەن، تەنانەت ئەگەر یەکلاکردنەوەی پرۆسەکەش بگاتە لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
کالاس دەڵێت، "پێداویستییەکانی ئۆکراینا زۆرن. پێویستە یارمەتی ئۆکرانیا بدەین بەرگری لە خۆی بکات بۆ ئەوەی دواتر زیاتر خەرج نەکەین بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی وێرانکراوەکەی. ئێمە 27 وڵاتی ئەندامین و 27 دیموکراسین، بۆیە گفتوگۆکان کاتیان دەوێت، دڵنیام وەک پێشووتر، دەتوانین بڕیاری یەکلاکەوە بدەین."