وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا بۆ رووداو: ئێران پابەندییەکانی جێبەجێ بکات دەکرێت سزاکانی سەری سووک بکرێن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا بە رووداوی راگەیاند، پێویستە دانوستاندنەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران دەستپێبکەنەوە، کە تەنیا رێگەیە بۆ چارەسەریی بەردەوامی پرسەکە. دەشڵێت، سەپاندنەوەی سزاکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاوە مانای کۆتایی دەرفەتی چارەسەری دیپلۆماسی نییە.
فلۆریندا بالیچی، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، "نابێت رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم، چارەسەرێکی درێژخایەن لە رێگەی سەربازییەوە بەدەستنایەت". دەشڵێت، تەنیا رێگە "دانوستاندن و رێککەوتنێکە لەژێر چاودێری وردی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا."
ئەو گوتانەی بالیچی لەکاتێکدایە دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی لە غەززە رایگەیاند، ئێران پێویستی بە هەندێک هاوکارییە و "ئەوان ژمارەیەکی زۆر سزای گەورەیان لەسەرە؛ ناتوانن بەرگەی ئەو سزایانە بگرن. سزاکان زۆر قورسن. ئامادەی هەڵگرتنی سزاکانم ئەگەر بڵێن، ئامادەین بۆ دانوستاندن."
لە وەڵامدا ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، قسە و کردارەکانی ئەمریکا لەبارەی وڵاتەکەیەوە زۆر لەیەکەوە دوورن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە ئەمریکا بوو لە حوزەیرانی رابردوودا و لە کاتی دانوستاندنەکاندا هێرشیکردە سەر وڵاتەکەیان.
مانگی رابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشان یەکێتیی ئەورووپا ئەو سزایانەیان بەسەر ئێراندا سەپاندنەوە، کە لە ساڵی 2015دا هەڵیانگرتبوون.
سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی رێکاری سەپاندنی سزا بۆ ناچارکردنی ئێران بە دەستبەرداربوون لە پرسی ئەتۆمی، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا گوتی، ئەمە بۆ ناچارکردنی ئێرانە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی و رێککەوتن لەسەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئێران پابەندییەکانی جێبەجێبکات، دەکرێت کار لەسەر سووککردنی ئەو سزایانە بکرێت.
گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا پێیوایە سەپاندنەوەی سزاکان مانای کۆتایی دانوستاندنەکان نییە و دەڵێت: "بەلجیکا و هاوبەشەکانی، پاڵپشتی لە هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک دەکەن."
بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی ئەمساڵ، تاران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی زیاتر 60٪ هەبوو، بەڵام چارەنووسی یۆرانیۆمەکە دیار نییە، ئەمە دوای هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران لە 22ی حوزەیرانی ئەمساڵدا.