پۆلیسی سلۆڤینیا بۆ رووداو: هاتنی کۆچبەرانی عێراقی 57% کەمیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆی سلۆڤینیا رایگەیاند، چوونی کۆچبەرانی عێراقی بۆ وڵاتەکەیان 57% بەراورد بە پار کەمیکردووە. دەشڵێت، سنوورەکانیان تووندکردوون دژی کۆچبەران و بەردەوام دەبن.
 
دراگۆ مەنەگالیا، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە پۆلیسی سلۆڤینیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "لە 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە تاوەکو 31ی ئاب، 16 هەزار و 238 کۆچبەر هاتوونەتە سلۆڤینیا". دەشڵێت، "86.6%یان لە کرواتیاوە هاتوون."
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی، هەمان ماوەی پار 46 هەزار و 213 کۆچبەر و هەمان ماوەی پێرار 60 هەزار و 597 کۆچبەر چووبوونە وڵاتەکەیان. 
 
مەنەگالیا ئاماژەی بەوەش کرد، 8 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 300 کۆچبەری عێراقی چوونەتە وڵاتەکەیان، هەمان ماوەی پار 701 و هەمان ماوەی پێرار هەزار و 150 کۆچبەر چووبوون. بەمەش ئەم ساڵ چوونی کۆچبەرانی عێراقی بەراورد بە پار 57% کەمی کردووە.
 
بەگوێرەی گوتەکانی ئەو بەرپرسە، ژمارەیەک خاڵی پشکنینان لەسەر سنوورەکانی هەنگاریا و کرواتیا داناون بۆ رێگری لە کۆچبەران. هەروەها، ئەوان بە گوێرەی یاسای نێوخۆییان و یەکێتیی ئەورووپا مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران و کەیسەکانیاندا دەکەن.
 
بەرپرسەکە جەختی لەوەش کردەوە، پار 144 کۆچبەریان دیپۆرتکردووەتەوە، 8 مانگی یەکەمی ئەم ساڵیش 88 کۆچبەرە. هەروەها، لەوانەی ئەم ساڵ و پار دیپۆرتکراونەتەوە کەسیان عێراقی نەبوون.
 
سلۆڤینیا ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆیە. وڵاتەکە هاوسنوورە لەگەڵ کڕواتیا، هەنگاریا، نەمسا و ئیتاڵیا.