نیپاڵ تیکتۆکی قەدەخە کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی نیپاڵ بە تۆمەتی "تێکدانی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی" بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆکی لە وڵاتەکەی قەدەخە کرد.
 
بڕیارەکە دوای چەند رۆژێک هات، کە حکومەتی نیپاڵ یاسای نوێی بۆ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجی خستە واری جێبەجێکردن، کە تێیدا کراوەتە مەرج بەسەریانەوە لەنێو ئەو وڵاتەدا نووسینگەی فەرمی بکەنەوە.
 
تیکتۆک کە نزیکەی یەک ملیار بەکارهێنەری مانگانەی هەیە لەسەر ئاستی جیهان، لەلایەن چەندین وڵاتی دیکەشەوە قەدەخەکراوە، لەوانە هیندستان.
 
سەرەتای ئەم ساڵ، بۆ یەکەمجار لە ویلایەتی مۆنتانای ئەمریکا تیکتۆک قەدەخە کرا.
 
رێکا شارما، وەزیری پەیوەندیی و زانیارییەکانی نیپاڵ بە کەناڵی BBCـی گوتووە، "بڕیارەکە راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت، هۆکارەکەیشی ئەوەیە تیکتۆک بابەتی نادروست بڵاودەکاتەوە".
 
لەسەر قەدەخەکردنی تیکتۆک، لەو وڵاتە دەنگی ناڕەزایەتیش هەیە.
 
گاگان تاپا، سەرکردەیەکی دیاری پارتی کۆنگرێسی نیپاڵە کە ئەو پارتە بەشێکە لە حکومەتی وڵاتەکەش، گوتوویەتی، "ئەوە هەنگاوێکە بۆ تەسککردنەوەی ئازادییەکان".
 
ئاداری ئەم ساڵ، حکومەتی بەریتانیا بەکارهێنانی تیکتۆکی لەسەر مۆبایل و تابلێتی حکومەت قەدەخە کرد، ئەوەش دوای هەنگاوێکی هاوشێوە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپا، ئەمریکا و کەنەدا بوو.
 
ئەو وڵاتانە پێیان وایە، تیکتۆک زانیاریی کەسیی بەکارهێنەران بۆ مەبەستی خۆی بەکاردەهێنێتەوە و حکومەتی چین دەستی دەگاتە زانیارییەکان.
 
کۆمپانیای بایت دانس لە چین، کە خاوەنی تیکتۆکە، هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە، پارێزگاری لە داتای بەکارهێنەرانی دەکات و دەڵێت، داتاکان "لە چین ناهێڵدرێنەوە و حکومەتی وڵاتەکەش دەستی پێی ناگات".
 
تیکتۆک لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی چاودێرییەکی چڕی وڵاتان بووەتەوە، لە کاتێکدا کە ترسیان لەوە هەیە بەیجینگ لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە داتای بەکارهێنەران بدزێت.