ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بۆ سەر "تیرۆریستان و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان" رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری جەنگی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێی بە ناوی (رمی باشوور) راگەیاند، کە ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆریستان و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکانە" لە باشووری وڵاتەکەی کە ئەمریکای نێوەڕاست و لاتین دەگرێتەوە. ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ ڤەنزوێلا.
پێت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئۆپەراسیۆنی رمی باشوور رادەگەیێنم؛" گوتیشی: "ئەم ئەرکە بەرگری لە نیشتمانەکەمان دەکات، تیرۆریستانی مادە هۆشبەرەکان دووردەخاتەوە و نیشتمانەکەمان لەو مادە هۆشبەرانە دەپارێزێ کە خەڵکەکەمان دەکوژن."
فەرماندەیی باشووری هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی داڕشتنی پلان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هاوکاری ئەمنی بۆ 31 وڵات لە ئەمریکای نێوەڕاست، ئەمریکای باشوور و کاریبی لەئەستۆیە.
هەفتەی رابردوو، کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد کە گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیهانە، گەیشتە ئاوەکانی کاریبی. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئامانج لە جووڵەپێکردنی کەشتییەکە ئامادەیی سەربازییانە لە ناوچەکەدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئەمریکا لە مادە هۆشبەرەکان.
وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکەی دژی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، ئەمریکا چەندین هێرشی سەربازی بۆسەر ژمارەیەک بەلەم لە دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن ئەنجام داوە.
هەنگاوەکەی ئەمریکا گرژییەکانی لە ناوچەکەدا زیاد کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ ڤەنزوێلا. واشنتۆن بانگەشەی ئەوە دەکات کە قاچاخچییەکان پەیوەندییان بە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلاوە هەیە.
مادورۆ ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ، ئەمریکا دەیەوێ "جەنگی نوێ هەڵگیرسێنێ" و مەبەستییەتی دەسەڵات لە ڤەنزوێلا بگۆڕێ.