گرینلاند رێگری لە کڕینی موڵک لەلایەن بیانییەکانەوە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی گرینلاند پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە کڕینی موڵک لەلایەن ئەو کەسانەی هەڵگری وڵاتینامەی دانیمارکی نین، قەدەخە دەکات. ئەمە هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی خواستی کڕینی موڵک لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لەو دوورگەیەی سەر بە دانیمارک.
 
پەرلەمانی گرینلاند بە 21 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 6 دەنگی نەخێر پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد کە تێیدا هاتووە: "تەنیا هەڵگرانی وڵاتینامەی دانیمارک دەتوانن موڵک بکڕن و مافە موڵکدارییەکانیان بەکاربێنن". 
 
پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی میدیای دانیمارکی، خواستی کڕینی موڵک لە گرینلاند لەلایەن ئەمریکیەکانەوە لە زیادبووندایە. لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ویستی خۆی بۆ لکاندنی دوورگەکە بە وڵاتەکەیەوە راگەیاندووە. 
 
بە گوێرەی یاساکە، تەنیا خەڵک و کۆمپانیاکانی گرینلاند، دوورگەکانی فارۆ (کە بەشێکە لە شانشینی دانیمارک) و دانیمارک دەتوانن موڵک لە دوورگەکە بکڕن. بڕیاریشە لە 1ی کانوونی دووەمی داهاتووەوە یاساکە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.