ئیمەیڵە نوێیەکان ئاشکرای دەکەن؛ کەسایەتییە بەناوبانگەکان چۆن پەیوەندییان لەگەڵ جێفری ئێپستین هێشتووەتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
کاتێک جێفری ئێپستین لە ساڵی 2008 دانی بە تاوانەکەیدا نا کە پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ کچێکی خوار تەمەنی یاسایی هەبووە، تۆڕێکی گەورەی لە هاوڕێی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو دروست کردبوو.
کۆمەڵێک ئیمەیڵی نوێ کە ئەم هەفتەیە بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە وێڕای ئاشکرابوونی تاوانەکەی ئێپستین، ئەو کەسایەتییانە دەستبەرداری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ملیاردێرەکە نەبوون.
هەزاران بەڵگەنامە کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکراونەتەوە، نیشانی دەدەن کە پەیوەندییەکانی ئێپستین بە درێژایی 10 ساڵ لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان، رۆژنامەڤانان، ئەکادیمیستەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان چۆن بووە.
گرنگە بگوترێ کە ئیمەیڵەکان بەڵگە نین لەسەر ئەوەی ئەم کەسانە لە تاوانەکانی ئێپستیندا بەشدار بوون، بەڵکو تەنیا ئەوە دەردەخەن کە چۆن پەیوەندی و کاریگەرییەکانی لەو ساڵانەی بە تاوانبار ناسێندرابوو، بەردەوام بوو.
ئێپستین لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی بازرگانیکردنی سێکس دەستگیرکرا و مانگێک دواتر لە زینداندا بە مردوویی دۆزرایەوە. حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، خۆی کوشت، بەڵام رەخنەگرەکان دەڵێن، کوژراوە.
پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیاسییەکان
ئێپستین پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی هەموو لایەنەکاندا هەبووە. بۆ نموونە: ستیڤ بانن، هاوپەیمانی دێرینی ترەمپ و راوێژکاری خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی کە لە ساڵی 2018 لە ئیمەیڵێکدا داوای لە ئێپستین کردووە سەبارەت بە گەشتە سیاسییەکەی بۆ ئەورووپا راوێژی پێبدات.
ملیاردێرەکە هەروەها بە ئیمەیڵ قسەی لەگەڵ کاترین روملەر، راوێژکاری باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکادا کردووە و قسەی بە ترەمپ گوتووە و بە "قێزەون" ناوی بردووە.
بازنەی دەوڵەمەند و هاوڕێ کۆمەڵایەتییەکانی
ئێپستین بەردەوام ئیمەیڵی لەگەڵ دەوڵەمەندەکانی جیهاندا ئاڵوگۆڕ کردووە. بۆ نموونە پیتەر سیل، وەبەرهێنەری گەورەی بواری تەکنەلۆجیای بانگهێشت کردووە بۆ دوورگەکانی کاریبی.
هەروەها سوڵتان ئەحمەد بن سولەیم، بازرگانی ئیماراتی پرسیاری لە ئێپستین کردووە کە ئایا دەتوانێ یارمەتی بدات دەستی بگاتە ترەمپ و "تەوقەی لەگەڵ بکات".
پەیوەندی لەگەڵ ئەکادیمیستەکان
ئێپستین پەیوەندی لەگەڵ چەندین زانا و ئەکادیمیستی بەناوبانگدا هەبووە، لەوانەش:
لۆرێنس کراوس، فیزیاناس: لە ساڵی 2017، کراوس داوای راوێژی لە ئێپستین کردووە لەسەر ئەوەی چۆن وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە لەسەر خۆی هەبوون سەبارەت بە گێچەڵی سێکسی. ئێپستین ئامۆژگاری کردووە کە وەڵامی رۆژنامەڤانان نەداتەوە.
نوام چۆمسکی، زمانناس و بیرمەندی بەناوبانگ: لە ئیمەیڵەکاندا باسی بابەتی ئەکادیمی و زانستییان کردووە. ئێپستین شوقەکانی خۆی لە نیویۆرک و نیومەکسیکۆی پێشکێش کردووە تاوەکو چۆمسکی بەکاریان بهێنێت.
لاری سەمەرز، سەرۆکی پێشووی زانکۆی هارڤارد و وەزیری پێشووتری گەنجینەی ئەمریکا: سەمەرز لە ئیمەیڵێکدا بۆ ئێپستین باسی کاردانەوەی خۆی بەرامبەر ژنێک کردووە و ئێپستینیش ستایشی کاردانەوەکەی کردووە.
کاردانەوەکان
دوای بڵاوبوونەوەی ئیمەیڵەکان، لاری سەمەرز لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پەشیمانیی گەورەم لە ژیانمدا هەیە. پەیوەندیم لەگەڵ جێفری ئێپستین هەڵەیەکی گەورەی بڕیاردان بووە."
لۆرێنس کراوسیش گوتی، کاتێک تۆمەتی ناڕاستی لەسەر بڵاوکراوەتەوە، "ئامۆژگاریم لە نزیکەی هەموو ئەو کەسانە وەرگرتووە کە دەمناسین" و ئەویش وەک هەموو جیهان شۆک بووە، کاتێک ئێپستین لە ساڵی 2019 دەستگیرکرا.