دادگەیەکی فەرەنسا سزای پشیلەیەک دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی فەرەنسا پشیلەیەک ناچار دەکات لە ماڵەوە بمێنێتەوە، دوای ئەوەی دراوسێکەی سکاڵای تۆمار کرد کە بەردەوام دەچێتە نێو باخچەکەی. ئاژەڵدۆستان نیگەرانن کە بڕیارەکە ببێتە پێشینەیەکی مەترسیدار و رێگە بۆ سنووردارکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان خۆش بکات.
 
دادگەیەکی شاری ئاگدی باشووری فەرەنسا فەرمانی بە ژنێک کردووە پشیلەکەی بە هەمیشەیی لە ماڵەوە بهێڵێتەوە، دوای ئەوەی دراوسێکەی سکاڵای کرد کە پشیلەکە بەردەوام دەچێتە نێو باخچەکەی.
 
دۆمینیک ڤاڵدێز، خاوەنی پشیلەکەیە کە ناوی (رێمی)ـیە و دەڵێ، پشیلەکەی 2050 یۆرۆی بەسەردا هێناوە، هۆکارەکەش قەرەبووکردنەوەی دراوسێکەیەتی کە "گوایە پشیلەکەم رێگری لێدەکات چێژ لە باخچەکەی وەربگرێت."
 
دراوسێکە پشیلەکە بەوە تۆمەتبار دەکات کە زیان بە چیمەن و گوڵەکانی باخچەکە دەگەیێنێت و باڵندەکان دەترسێنێت. دادگە پشتیوانی لە سکاڵاکارەکە کرد و بڕیاریدا کە دەبێ خاوەنی ئاژەڵە ماڵییەکە رێگری لە پشیلەکەی بکات لە ماڵەوە بچێتە دەرەوە.
 
کۆمەڵەی پاراستنی ئاژەڵانی فەرەنسا ترسی هەیە کە ئەم بڕیارە بەو مانایە بێت کە "پێویست بکات پشیلەکان ببەسترێنەوە" بۆ ئەوەی رێگرییان لێبکرێت لە چوونە دەرەوە.
 
بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا دۆسیەکەیان بە "مشتومڕاویترین بڕیاری پشیلە لە فەرەنسا" ناوبردووە کە بووەتەهۆی دروستبوونی گفتوگۆیەکی فراوانتر لەسەر مافی ئاژەڵان و کێشەی نێوان دراوسێکان.