سێ ئاسمانەوانی چینی دوای یەک هەفتە لە دواکەوتن، گەڕانەوە سەر زەوی

 
رووداو دیجیتاڵ

سێ ئاسمانەوانی چینی دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە دواکەوتن، رۆژی هەینی لە وێستگەی ئاسمانیی وڵاتەکەیانەوە لە خولگەوە گەڕانەوە سەر زەوی. هۆکاری دواکەوتنەکە ئەوە بوو کە ئەو کەشتییەی بڕیار بوو بیانگەڕێنێتەوە، زیانی بەرکەوتبوو کە یەکێک لە لێکدانەوەکان ئەوەیە بەهۆی بەرکەوتنی پارچەیەکی بچووکی پاشماوەی بۆشایی ئاسمانەوە بووبێ.
 
سێ ئاسمانەوانەکە ناچاربوون ئەو کەشتییە ئاسمانییە نوێیە بەکاربهێنن کە تیمێکی نوێی سێ کەسی بردبووە وێستگەکە بۆ ئەوەی جێگەی ئەوان بگرنەوە. ئەوان کەشتییە کۆنەکەی خۆیان کە زیانی بەرکەوتوبوو، لە بۆشایی ئاسمان جێهێشت.
 
ئەم ئاسمانەوانانە ماوەی 204 رۆژ لە بۆشایی ئاسمان مانەوە کە درێژترین ماوەیە بۆ هەر ئاسمانەوانێکی چینی لە وێستگەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان.
 
سەرپەرشتیاری تیمەکە گوتی: "رێگەی گەڕان لە بۆشایی ئاسمان ئاسان نییە و پڕە لە کێشە و ئاستەنگ، بەڵام هەر ئەمەشە وادەکات ئێمە ئەم رێگەیە هەڵبژێرین."
 
پاشماوەی بۆشایی ئاسمان چییە؟
 
ئەم پاشماوەیە بریتییە لە ملیۆنان پارچەی بچووکی بەجێماو لە مووشەک و مانگە دەستکردە کۆنەکان کە بە خێراییەکی زۆر گەورە (خێراتر لە گوللـە) بە دەوری زەویدا دەسووڕێنەوە. هەرچەندە بچووکیشن، بەڵام مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئاسمانەوانەکان و کەشتییە ئاسمانییەکان.
 
شتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە چوار مشکیش لەگەڵ ئاسمانەوانەکان گەڕێندرانەوە. ئەم مشکانە بۆ تاقیکردنەوەی زانستی بردرابوونە بۆشایی ئاسمان تا بزانرێ ژیانی بێ کێشکردن (نەمانی کێشی زەوی) چ کاریگەرییەکی لەسەر گیانەوەران هەیە. زانایان دەڵێن، مشکەکان زۆر بەباشی خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا گونجاند.
 
بەرنامەی بۆشایی ئاسمان بۆ چین شانازییەکی نیشتمانیی گەورەیە. چین وێستگەی ئاسمانیی تایبەت بە خۆی دروست کردووە، چونکە بەهۆی نیگەرانیی ئەمریکاوە رێگەی پێنەدرا بەشداری لە وێستگەی ئاسمانیی نێودەوڵەتیدا بکات. ئێستا چین پلانی هەیە تا ساڵی 2030 مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ.