دادگەی باڵای بەریتانیا شازادە هاری بە 60 هەزار دۆلار سزا دا

رووداو دیجیتاڵ

بەتۆمەتی ناوزڕاندنی رۆژنامەیەک، دادگەی باڵای بەریتانیا بڕیاریدا شازادە هاری کوڕی شا چارڵزی بەریتانیا بە 60 هەزار دۆلار سزا بدات. ئەمەش دوای ئەوەی رۆژنامەکە لە وتارێکدا رایگەیاند، کە حکومەتی بەریتانیا خەرجیی پاراستنی شازادە هاری لە ئەستۆ دەگرێت، کاتێک سەردانی بەریتانیا دەکات. شازادەکەش ئەمەی بە "ناڕاست" ناوبرد.
 
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، دادوەرێکی بەریتانی بەبڕی 48 هەزار و 447 پاوەندی بەریتانی (60 هەزار و 850 دۆلاری ئەمریکی) سزای شازادە هاری کوڕی شا چارڵزی سێیەمی بەریتانیای دا، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتی ئەوەی خرایە پاڵ کە نێوبانگی رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ـی بەریتانی لەکەدار کردووە و ناوی زڕاندووە. بەو هۆیەوە کەیسەکەی دۆڕاندووە و پێویستە تاوەکو 29-12-2023 ئەو پارەیە بدات.
 
مانگی شوباتی 2022، لە وتارێکدا رۆژنامەکە رایگەیاند، شازادە هاری کاتێک دێتە بەریتانیا بودجەی پاراستن و پاسەوانەکانی، لەسەر حکومەتە، شازادە هاریش رایگەیاند، "ئەوە دوورە لە راستییەوە. هەروەها، تۆمەتەکانی رۆژنامەکە بووەتە هۆی مەترسی لەسەر خۆی و خێزانەکەی هەرکاتێک کە سەردانی بەریتانیا دەکەن."
 
رۆژی هەینی، 8-12-2023، دادوەر جەستس ماتیو نیکڵن لە دادگەی باڵای بەریتانیا رایگەیاند، رۆژنامەکە باسی شتێکی دروستی کردووە و گوزارشت لە "بۆچوونێکی راست" دەکات.
 
دوای بڕیارەکە، پارێزەرەکانی شازادە هاری گوتیان، "ئەو بابەتە هێرشێک بووە بۆ سەر راستگۆیی و دەستپاکییەکەی شازادە."
 
رۆژنامەکەش لە بەرامبەردا رایگەیاند، وتارەکە بابەتێکی راست و دروست بووە و هیچ زیانێکی بە نێوبانگی ئەو نەگەیاندووە.
 
دادوەرەکە هەروەها رایگەیاند، دادگاییەک لە نێوان مانگی 5 بۆ 7ـی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و چەند رۆژێک دەخایەنێت.
 
شازادە هاریی تەمەن 39 ساڵ لە ساڵی 2020 بڕیاریدا ئەرکی "شاهانە" کۆتایی پێبهێنێت و لەگەڵ مێگانی هاوسەری چوونە ئەمریکا و لەوێ نیشتەجێ بوون.