ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا جۆ بایدن بە 'بازرگانیی نایاسایی' تۆمەتبار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە تۆمەتی "بازرگانیی نایاسایی" لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر سەرۆکی ئەمریکا و کوڕەکەی دەستپێکردووە. بایدنیش رایگەیاند، "ئەوان بە درۆ هێرشم دەکەنە سەر". سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، "خێزانی بایدن لە چوار ساڵدا 24 ملیۆن دۆلاریان دەستخستووە، دەمانەوێت بزانین چۆن؟"
رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگی بە کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی فەرمیی دا لەسەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و هەنتەر بایدنی کوڕی، ئەویش بە تۆمەتی بازرگانیی نایاسایی، هەرچەندە تائێستا ئەنجوومەنەکە هیچ بەڵگەیەکی فەرمی لەبەردەست نییە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای زۆرینە کۆماری بە دەنگی 221 بەرامبەر 212 ئەندامی دیموکراتەکان، لێکۆڵینەوەکەیان چالاککرد. کۆشكی سپیی ئەمریکاش ئەو هەوڵەی بە "بێ بەڵگە و پاڵنەری سیاسی" ناوبرد. لە لێدوانێکدا جۆ بایدن رایگەیاند، "ئەوان لە بری ئەوەی ژیانی ئەمریکییەکان باشتر بکەن، بە درۆ هێرشم دەکەنە سەر."
بایدن هەروەها گوتی، "خەڵکی ئەمریکا لە کۆنگرێس پێویستییان بە سەرکردەکانی خۆیانە بۆ ئەوەی کار لەسەر خاڵە لەپێشینەکانی نیشتمان و جیهان بکەن."
هەوڵە سەرەکییەکە ئەوەیە ئەگەر لە حاڵەتێکدا بەڵگەکان لەسەر بایدن و کوڕەکەی بسەلمێندرێن، بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کار لاببەن، بەڵام بۆ ئەوە دەبێت ئەنجوومەنی پیران بڕیاری کۆتایی بدات، کە زۆرینە دیموکراتن بۆیە میدیای ئەمریکا ئەو هەوڵەی بە "مەحاڵ" ناوبرد.
لەکاتێکدا بایدن خۆی بۆ سەرۆکایەتیی 2024 لەگەڵ رکابەرە کۆمارییەکەی دۆناڵد ترەمپ ئامادە دەکات، ئەو لێکۆڵینەوەیە لە بەرژەوەندیی بایدن نابێت و کاریگەری لەسەر دەنگ و متمانەی خەڵك دروست دەکات، ئەمە بەگوێرەی میدیای ئەو وڵاتە.
کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ دەستیان بە هەنگاوەکانی ئەو لێکۆڵینەوە کرد. دەنگۆکان باس لەوە دەکەن بایدن و کوڕەکەی لە ماوەی 2009 بۆ 2017 بازرگانی نایاساییان کردووە، بایدن لەو کاتەدا جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو. کۆمارییەکان دەڵێن کە هەنتەری کوڕی بایدن بە کڕیار و هاوبەشەکانی خۆی گوتووە کە دەتوانێت بۆ مەبەستە بازرگانییەکانی خۆی دەستی بە نووسینگەکەی باوکی بگات.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی کۆمارییەکان رایانگەیاندووە، بایدن و خێزانەکەی لە نێوان 2014 بۆ 2019 بڕی 24 ملیۆن دۆلاریان لە چەند سەرچاوەیەکی دەرەکیی لە چین، کازاخستان، رووسیا، رۆمانیا و ئۆکراینا دەستخستووە.
جەیمس کۆمەر، سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاند، "سەرۆکی ئەمریکا قسەی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی کوڕەکەی کردووە و پەیوەندیی لەگەڵیان پەرەپێداوە."
جەیمس هەروەها گوتی، "ئێمە یەک پرسیاری سادەمان هەیە کە هەموو ئەمریکییەک هەمان پرسیار دەکات، خێزانی بایدن چییانکردووە تا ببنە خاوەن ملیۆنان دۆلار؟"
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، هەنتەر بایدن رایگەیاند، "هیچ بەڵگەیەک نییە ئەو دەنگۆیانە پشتڕاستبکاتەوە، کە باوکم لە رووی داراییەوە لە کار و بازرگانیی من تێوەگلابێت، چونکە ئەوە هەرگیز رووینەداوە."
جیم جۆردن، ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، "هەنتەر دەڵێت باوکی هیچ بەشدارییەکی دارایی لە کارەکانی نەبووە، بەڵام نەخێر باوکی بەشدار بووە."
لە وەڵامی ئەو لێدوانە، ئیەن سامز، پارێزەری کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "جیم جۆردن بەردەوامە لە درۆکردن و قسەی هەڵە لەسەر ئەو بە ناو لێکۆڵینەوەیەی دەستیانپێکردووە."
مایک جۆنسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لەکاتێکدا بایدن بەهەموو جۆرێک ئەو لێکۆڵینەوە یاساییە رەتدەکاتەوە، ئەمە ئێمە دەخاتە بەهێزترین پێگە بۆ ئەوەی ئەو لێکۆڵینەوەیە جێبەجێبکەین."
کوڕەکەی بایدن جگە لەو دەنگۆیانە، پێشتر بە تۆمەتەکانی ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەر، کحول، کڕینی چەک و نەدانی باجی 1.4 ملیۆن دۆلار چەند جارێک پەراوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
لە نوێترین راپرسی کە لە نێوان 8-11-2023 بۆ 12-12-2023 لەنێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپدا کراوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ٪46.9ـی متمانەی خەڵکی هەیە و بایدنیش ٪44.6ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.