نەتەوە یەکگرتووەکان: بەشداریی کۆبوونەوەی باڵای وەزاری بۆ دۆخی سووریا دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نێردەی تایبەت بۆ سووریا، لە چەند کۆبوونەوەیەکی باڵا لە ئوردن بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا بەشداردەبێت.
 
رۆژی هەینی، 13-12-2024، ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "گیێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا کۆتایی هەفتە، لە ئوردن بەشداریی چەند کۆبوونەوەیەکی باڵای وەزاری دەکات."
 
دووجاریک گوتی، پێدرسن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتانی عەرەب، تورکیا، ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی دیکە لە شاری عەقەبەی ئوردن کۆدەبێتەوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها رایگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوو، پێدرسن لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە، عێراق، ئوردن، هۆڵەندا و چەند وڵاتێکی دیکە راوێژی کردووە. نووسینگەکەی لەگەڵ وڵاتە گرنگەکانی ناوچەکە لە پەیوەندیی بەردەوام دایە. نووسینگەکەی هەروەها رۆژانە پەیوەندی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ناوەوە و دەرەوەی سووریا هەیە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن: "کۆبوونەوەکە رۆژی شەممە 14-12-2024 دەکرێت و بۆ یارمەتیدانە لە دروستکردنەوەی دامەزراوە حکومییەکانی سووریا؛ بەجۆرێک یەکڕیزی، سەلامەتیی خاک، سەروەری، سەقامگیری و مافی هەموو هاوڵاتییانی سووریا پارێزراوبێت."
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژی 11-12-2024ـەوە لە ناوچەکەیە. سەرەتا چووە ئوردن، رۆژی 12ـی مانگیش چووە تورکیا و رۆژی هەینیش لە عێراق بوو.
 
بلینکن لە عێراق گوتی: "پێویستە پرۆسەی راگوزەری سووریا رێز لە مافی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بگرێت. پێویستە ژنان، کەمینەکان، ناوچە ئایینی و پیرۆزەکانی سووریا بپارێزرێن، هەروەها هاوکاریی مرۆیی بۆ سووریا بەردەوام بێت."