لە هێرشێکدا لە زانکۆیەکی ئەمریکا 2 کەس کوژران و 9ی دیکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە زانکۆی براون لە ویلایەتی رۆد ئایلەند، کەسێک تەقەی لە خوێندکاران کرد، 2 کەسی کوشت و 9 کەسی دیکەشی بریندار کرد، بەو هۆیەوە زانکۆکە داخرا و سەتان پۆلیس بەدوای گومانلێکراوەکەدا دەگەڕێن. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هێرشکارەکە رایکردووە و ناسنامەی دیار نییە.
 
شەقامەکانی دەوروبەری زانکۆکە پڕ بوون لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و فریاکەوتن، ئەمەش چەند کاژێرێک دوای لەنێو هۆڵێکی تاقیکردنەوەدا تەقە کرا.
 
ئەم رووداوە نوێترین هێرشە بۆ سەر قوتابخانە و زانکۆکان لە ئەمریکا لە زنجیرەیەک هێرشی هاوشێوەدا، لە کاتێکدا بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە، هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی چەکهەڵگرتن گەیشتوونەتە بنبەست.
 
کەیتی سەن، شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە، بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، لە شوێنێکی نزیک رووداوەکە بووە کاتێک گوێی لە دەنگی تەقە بووە. ئەو هاووڵاتییە بەرەو بەشە ناوخۆییەکەی رایکردووە و هەموو کەلوپەلەکانی جێهێشتووە.
 
کەیتی دەڵێ، "بەراستی ترسناک بوو. دەنگی تەقەکە لەو شوێنەوە دەهات کە هۆڵی خوێندنی لێیە."
 
تەقەکەرەکە هێشتا دەستگیر نەکراوە، نزیکەی 400 پۆلیس و ئەندامی ئێف بی ئای لە کۆمەڵگەی زانکۆکەدا بڵاوەیان پێکرا. 
 
برێت سمایلی، سەرۆکی شارەوانی شاری پرۆڤیدنیس کە زانکۆکەی لێیە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و 8 کەسی دیکەش بریندارن، بەڵام تەندروستییان جێگیرە."
 
بەرپرسان دواتر راگەیانگەیاند، برینداری نۆیەم کە "بەهۆی تەقەکردنەکەوە ساچمەی بەرکەوتووە" گەیێندراوەتە نەخۆشخاتە.
 
پۆلیس ڤیدیۆیەکی 10 چرکەیی گومانلێکراوەکەی بڵاوکردەوە کە بە خێرایی بە شەقامێکی چۆڵدا دەڕوات، ئەمەش دوای تەقەکردنەکە.
 
بەرپرسانی زانکۆکە جەختیان کردەوە کە تاوەکو نیوەشەو بە کاتی ئەمریکا (07:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر) زانکۆکە هەر داخراو بووە.
 
شێڵدن وایتهاوس، سیناتۆری رۆد ئایلند لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "دڵم ژان دەکات بۆ ئەو خوێندکارانەی چاوەڕێی پشوویەک بوون، بەڵام ئێستا رووبەڕووی تەقەکردنێکی دیکە بوونەوە."
 
تاقیکردنەوەکان
 
رووداوەکە لە باڵەخانەیەک روویداوە کە بەشەکانی ئەندازیاری و فیزیای تێدایە. زانکۆکە رایگەیاندووە، لە کاتی تەقەکردنەکەدا دوو تاقیکردنەوە لە باڵەخانەکەدا دەکران.
 
هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، گومانلێکراوەکە پیاوێک بووە و جلوبەرگی رەشی لەبەردابووە.
 
تیمۆسی ئۆهارا، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیس گوتی، "هەموو سەرچاوەیەک بەکاردەهێنین بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوەکە. هێشتا دەبێ لە شوێنەکانتان بمێننەوە و دەرنەچن و داوا لە خەڵک دەکەم زۆر بە جیدی وەریبگرن. تکایە مەیەن بۆ ناوچەکە."
 
دەسەڵاتداران دەڵێن، دواجار تەقەکەرەکە لەکاتی دەرچوون لە باڵەخانەکە بینراوە و هیچ چەکێک نەدۆزراوەتەوە.
 
کاژێر 04:22ـی ئێوارە بەکاتی ناوخۆ،  12:22ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، زانکۆی براون ئاگانامەیەکی فریاکەوتنی نارد و رایگەیاند، "تەقەکەرێک لە نزیک ئەندازیاریی باروس و هۆلی هەیە."
 
لە ئاگانامەکەدا بۆ خوێندکاران و ستافی زانکۆکە هاتبوو، "دەرگەکان دابخەن، مۆبایلەکانتان بێدەنگ بکەن و خۆتان بشارنەوە تاوەکو ئاگادار دەکرێنەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رووداوەکە ئاگادار کرایەوە و گوتی، "شتێکی زۆر ترسناکە. ئەوەی ئێستا دەتوانین بیکەین تەنیا نزا کردنە بۆ قوربانییەکان."
 
زانکۆی براون لە پرۆڤیدێنس، لە نزیک بۆستن، نزیکەی 11 هەزار خوێندکاری هەیە.
 
کوشندەترین رووداوی تەقەکردن لە قوتابخانەکانی ئەمریکا لە 16ـی نیسانی 2007 لە ڤێرجینیا تێک روویدا، کاتێک خوێندکارێکی کۆریای باشوور بە ناوی سیونگ-هوی چۆ 32 کەسی کوشت و 17ـی دیکەی بریندارکرد، دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.