ئەڵمانیا پووچەڵکردنەوەی پلانێک بۆ هێرشکردنە سەر بازاڕێکی کریسمس رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دامودەزگەکانی ئەڵمانیا دەستگیرکردنی 5 کەسیان راگەیاند، ئەوەش بە گومانی پلاندانان بۆ هێرشێک بە "پاڵنەری ئیسلامی" بۆ سەر یەکێک لە بازاڕەکانی کریسمس.
دەزگا ئەمنییەکانی ئەڵمانیا رایانگەیاند، رۆژی هەینی پیاوێکی میسری، سێ مەغریبی و پیاوێکی سووریایی دەستگیرکراون، بە گومانی تێوەگلان لە پلانێک بۆ هێرشکردنە سەر بازاڕێکی کریسمس لە هەرێمی باڤاریا لە باشووری ئەڵمانیا.
ئەو پلانەی باسی لێ دەکرێ، ساڵێک دوای دوای هێرشە خوێناوییەکەی سەر بازاڕی کریسمسی ماگدیبۆرگ دێت کە هاوکات بوو لەگەڵ گرژییە کانی دۆخی ئەڵمانیا بەهۆی پرسەکانی کۆچبەرانەوە.
بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە، ئەم ساڵ رێکاری ئەمنیی تووند لە بازاڕەکانی کریسمس لە سەرانسەری شارەکانی ئەڵمانیا گیراونەتەبەر.
لێکۆڵەران و دەزگا ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، گومان دەکەن "پاڵنەری ئیسلامی" لە پشت پلانەکەی ئەمجارەوە بووبێ.
بەگوێرەی رۆژنامەی "بیڵد"، پیاوە میسرییەکە تەمەنی 56 ساڵە و پێشنوێژی مزگەوتێکە لە نزیک شارۆچکەی دینگۆلفینگ-لانداو لە نزیک میونشن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەزگاکان گومانیان هەیە پیاوەکە هانی ئەنجامدانی هێرشی بۆ سەر بازاڕەکە دابێت "بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ کوشتن یان بریندارکردنی زۆرترین کەس."
هەروەها لێکۆڵەران و دەزگا ئەمنییەکان دەڵێن، سێ مەغریبییەکە کە تەمەنیان 22، 28 و 30 ساڵە، رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی هێرشەکە؛ هاوکات پیاوە سووریاییەکە کە تەمەنی 37 ساڵە، رۆڵی هەبووە لە هاندانیان بۆ کردەوەکە.
رۆژی شەممە سەرجەم گومانلێکراوەکان بردرانە بەردەم دادوەر و بڕیاری راگرتنیان بۆ دەرچوو.
رۆژنامەی "بیڵد" لە زاری یواخیم هێرمان، وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریا بڵاویکردەوە، "هاوئاهەنگیی نایابی نێوان دەزگا ئەمنییەکان" هەبووە کە رێگری لە "هێرشێکی چاوەڕوانکراو بە پاڵنەری ئیسلامی" کرد.
دامودەزگەکان شوێنی دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکان و کات و شوێنی پلاندانان بۆ هێرشەکەیان نەخستووەتە روو.
رێوشوێنی ئەمنیی تووند
لە کۆتایی ساڵدا، خەڵکێکی زۆر روو لە بازاڕەکانی کریسمس دەکەن کە ئێستا بە بەربەستی کۆنکرێتی دەورە دراون، ئەمەش دوای ئەو هێرشەی ساڵی 2016 کرایە سەر بازاڕێکی بەرلین و 13 کوژراوی لێکەوتەوە.
ساڵی رابردوو، لە بازاڕی کریسمسی شاری ماگدیبۆرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو بازاڕێکی لەو جۆرەدا کرد و بووەهۆی کوژرانی 6 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە.
تاڵیب جەواد عەبدولموحسین، کە هاووڵاتییەکی سعودییە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە لە دادگای ئەڵمانیا دادگایی دەکرێ. تاوانبارەکە دانی ناوە بەوەی شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە بووە کە خۆی بە خەڵکەکەدا کێشاوە.
لە سەرەتای دادگاییکردنەکەیدا لە مانگی تشرینی دووەم، ئەو پزیشکە دەروونییە کە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دووژمنایەتی خۆی بۆ ئیسلام و حکومەتی ئەڵمانیا دەربڕیبوو، پاساوی سیاسی و ئایینی دژبەیەکی خستەڕوو.
ئەو رووداوانە نیگەرانییە ئەمنییەکانی نوێ کردوونەتەوە و مشتومڕی سەبارەت بە کۆچبەران و ئاسایش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە ئەڵمانیا گەرم کردووە، ئەوەش دوای چەندین هێرشی بە چەقۆ کە بەشێکیان لەلایەن بیانییەکانەوە کراون.
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا کە لە مانگی شوباتی 2025 کران، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD)ـی راستڕۆی تووندڕۆ، دەستکەوتێکی مێژوویی تۆمارکرد و پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
دوای ماوەیەک لە چاوەڕوانی، کۆتایی مانگی تشرینی دووەم بازاڕی کریسمسی ماگدیبۆرگ لەژێر رێوشوێنی ئەمنیی توونددا کرایەوە، لەنێوان بەربەستە کۆنکرێتییەکاندا کە بە رەنگی سەوز و سوور بۆیە کرابوون بۆ بەخشینی سیمای ئاهەنگگێڕان بە شوێنەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک شار، لەوانە ئۆڤراس لە نزیک کۆڵن، بڕیاریاندا ئەم ساڵ بەهۆی تێچووی رێوشوێنە ئەمنییەکانەوە بازاڕە نەریتییەکە نەکەنەوە.
ساڵی رابردوو، 170 ملیۆن کەس سەردانی زیاتر لە 7 هەزار بازاڕی کریسمسیان لە سەرانسەری ئەڵمانیا کرد و داهاتەکە گەیشتە 4.2 ملیار یۆرۆ، واتە تێکڕا، هەر سەردانیکەرێک 25 یۆرۆی لەو بازاڕانە خەرج کردووە.