وەزیری بەرگریی ئەمریکا نەخۆشخانەی جێهێشت
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بوو و 15 رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە، ئەمڕۆ وەزیرەکە رایگەیاند نەخۆشخانەی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەک لە ماڵەوە کارەکان رادەپەڕێنێت.
رۆژی دووشەممە، 15-1-2024، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئەو وەزیرە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بوو و چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە خەوێندرا.
ئۆستن لە بڵاوکراوەیەکدا نووسیویەتی: "سوپاسگوزاری ئەو گرنگیپێدانە نایابەی سەنتەری پزیشکیی وۆڵتەر ریدی سەربازییم و سوپاسی تیمی دکتۆر و پەرستارە ناوازەکان دەکەم، کە پیشەییانە کاری خۆیان کرد و پاڵپشتییان کردم."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا ئەو تاوەکو چاک دەبێتەوە لە ماڵەوە کاردەکات و هیوای خواست، بەزووترین کات بگەڕێتەوە پێنتاگۆن.
رۆژی هەینی 5-1-2024، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: "وەزیری بەرگری لە 1-1-2024ـەوە بەهۆی نەخۆشکەوتنی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە".
ئەوکات پێنتاگۆن هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی تەندروستیی ئەو وەزیرە بڵاونەکردەوە، بەڵام لە 9-1-2024، پێنتاگۆن لەبارەی نەخۆشییەکەی ئەوەوە گوتی، ئۆستن شێرپەنجەی پرۆستاتی هەیە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
ئەو راگەیێندراوەی پێنتاگۆن دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی پزیشکیی لۆید ئۆست هات کە تێیدا هاتبوو، شێرپەنجەکەی ئەو دۆزراوەتەوە و لە قۆناخی سەرەتاییدا بووە، نەشتەرگەری بۆ کراوە و گرێیەکە لە جەستەی دەرهێندراوە و ئێستاش "لە دۆخێکی زۆر باشدایە"
سێ رۆژ لەمەوبەر لە 12-1-2024، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لەبارەی تەندروستیی لۆید ئۆستن گوتی: "وەزیری بەرگری هەر لە نەخۆشخانەی سەربازیی وۆڵتەر ریدە و تەندروستیی جێگیرە. ئەو لەگەڵ تیمەکەی لە پەیوەندیی بەردەوامدایە".
نەخۆشکەوتنی ئەو بەرپرسە گرنگەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە شەڕی غەززە بەردەوامە، شەڕی ئۆکراینا خەریکە پێدەنێتە ساڵی دووەم و ئەمریکا و بەریتانیاش چەند هێرشێکیان کردە سەر حووسییەکانی یەمەن.
لۆید جەیمس ئۆستن لە 22-1-2021 وەک وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ئیدارەی جۆ بایدن دەستبەکاربوو. ئۆستن پێشتر لە ساڵی 2010 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق دواتر لە 2013 فەرماندەی سێنتکۆم (فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا) بوو.