ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئێران کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی سۆماڵ کە سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئێران کۆدەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی سۆماڵ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پێشنیازی ئەمریکا لەبارەی دۆخی ئێران کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئێران لە کاتێکدایە نزیکەی سێ هەفتەیە خۆپێشاندان لە شارەکانی ئێران دەستیپێکردووە. بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە سێ هەزار و 400 کەس کوژراون و نزیکەی 10 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
هەرچەندە شەوی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگادارکراوەتەوە کە کوشتنی خۆپێشاندەران لە ئێران راگیراوە، بەڵام پێشتر چەند جارێک ئاماژەی بە دەستوەردان لەو وڵاتە کردبوو ئەگەر کوشتنی خۆپێشاندەران و لە سێدارەدانیان بەردەوام بێت.
بەهۆی مەترسی و ئەگەری هێرشی ئەمریکاشەوە بۆ سەر ئێران، وەزارەتی دەرەوەی 19 وڵاتی جیهان داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە گەشتی ئێران نەکەن یان بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن.