وڵاتانی G7 بۆ ئێران: ئەگەر سەرکوتکاری بەردەوام بیت سزای نوێت بەسەردا دەسەپێنین
رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت (G7) لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هۆشداری دەدەنە تاران و دەڵێن، بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن؛ جەختیش دەکەنەوە ئەگەر سەرکوتکارییەکان دژی خۆپێشاندەران بەردەوام بن، سزای نوێ و قورس بەسەر ئێراندا دەسەپێنن.
رۆژی چوارشەممە 14-01-2026، وڵاتانی گرووپی حەوت لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەبارەی دۆخی نێوخۆی ئێران دەربڕی و رایانگەیاند: "زۆر نیگەرانین لەوەی لە نێوخۆی ئێران و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتەکەش روودەدات."
وڵاتانی G7 ئاماژەیان بەوە کردووە، ئاگاداری ئەو ژمارە زۆرەی قوربانییانن، کە لە ئەنجامی خۆپێشاندانەکانەوە کەوتوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کراوە و تێیدا هاتووە: "ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە سیاسەتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، وڵاتانی G7 سزای زیاتر و قورستر بەسەر ئێراندا دەسەپێنن."
وڵاتانی G7 پێکدێن لە کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، یابان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییە لەکاتێکدایە، ماوەی 18 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس کوژراون. هاوکات نزیکەی هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان سنووردار کردووە یان بڕیوە.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیال)ـەوە چەند جارێک پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپێشاندەران دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە، وەڵامی تووندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەدەنەوە.