جێگری ترەمپ بە گوتارەکەی لە میونشن ئەورووپا تووڕە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی هێرشی تووندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەورووپا لە بەرامبەر کۆچبەران، پارتە پۆپۆلیستەکان و ئازادیی راگەیاندن.
وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا، ڤانس گوتی، ئێستا "حاکمێکی نوێ لە شارە."
گوتارەکەی ڤانس لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە یەکێک لە سەختترین هێرشە زارەکییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەورووپای هاوپەیمانی دادەنرێت، لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوانیان لەسەر ئۆکراینا، بەرگری، بازرگانی و پرسەکانی دیکە، لە خراپبووندان.
ڤانس جەختیکردەوە کە دەبێت ئەورووپا "خۆی چوست بکات" و ئاسایشەکەی باشتر بپارێزێت. بەڵام زۆرترین رەخنەی بۆ ئەورووپییەکان لەسەر بواری کولتوور و بیرکردنەوە بوو.
لە قسەکانیدا کە هەموو هۆڵەکەی سەرسامکرد، ڤانس گوتی: "لە ژێر سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ئێستا حاکمێکی نوێ لە شارە."
بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەرکۆنەی ئەو قسانەی کرد و بە "قبووڵنەکراو" هەژماریکردن.
ڤانس گوتی: "رەنگە لەگەڵتان هاوڕا نەبین، بەڵام شەڕ بۆ بەرگیرکردن لە مافەکانتان دەکەین."
ڤانس بە تووندی رەخنەی لە کۆمسیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی ئازادیی رادەربڕینیان سنووردار کردووە. گوتیشی: "لە سەرانسەری ئەورووپا، ئازادیی رادەربڕین لە پاشەکشەدایە."
رێچکەگۆڕین
فرانک واڵتەر شتانمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا پێشتر گوتبووی، لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، گرنگترین پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەرلین زۆر بە خراپی تێکچووە.
شتانمایەر گوتی: "ئیدارەی نوێی ئەمریکا روانگەیەکی بۆ جیهان هەیە کە زۆر لەوەی ئێمە جیاوازە. روانگەیەکی کە هیچ رێزێکی بۆ یاسا دانراوەکان، هاوبەشی و متمانە نییە."
سەرۆکی ئەڵمانیا داوای لە سەرکردەکانی ئەورووپا کرد، لە بەرامبەر گەردەلوولی سیاسەتگۆڕینی واشنتن، ئارامبگرن.
شتانمایەر گوتی: "نابێت لە ترسان چەق ببەستین."
ڤانس بێ ئەوەی هیچ دڵەڕاوکێیەکی پێوە دیار بێت، لە گوتارەکەیدا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد، لە نێویاندا ئەڵمانیای میوانکار کە 23ی شوبات هەڵبژاردنی لە پێشە، لە بواری کۆچبەراندا "رێچکە بگۆڕێت."
گوتارەکەی ڤانس رۆژێک دوای ئەوە هات کە پیاوێکی تەمەن 24 ساڵی ئەفغانی لە میونشن دەستگیرکرا دوای ئەوەی کە بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و 36 کەسی بریندار کرد.
ڤانس گوتی: "دەبێ چەند جاری دیکە تووشی ئەم نسکۆ قێزەونانە بین پێش ئەوەی رێچکە بگۆڕین و شارستانییە هاوبەشەکەمان بە ئاراستەیەکی دیکەدا ببەین؟ بۆچی لە بنەڕەتدا ئەمە روویدا؟ چیرۆکێکی ناخۆشە، بەڵام زۆر جار لە ئەورووپا گوێمان لێبووە، بەداخەوە زۆر جار لە ئەمریکاش روویداوە."
وەک بەرگیرکردن لەو پارتانەی دژی کۆچبەرانن، ڤانس گوتی: "هیچ دەنگدەرێکی ئەم کیشوەرە نەچووەتە سەر سندووقی دەنگدان بۆ ئەوەی دەرگە لە ملیۆنان کۆچبەری نەپشکنراو بکرێتەوە."