ئەندامێکی فیدراسیۆنی کۆچبەرانی عێراقی: مەترسیی ناردنەوەی 10 هەزار پەناخوازی عێراقی لە ئەڵمانیا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سکرتاریەتی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی کۆچبەرانی عێراق لە ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، مەترسی هەیە 10 هەزار پەناخوازی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق دیپۆرت بکرێنەوە.
رۆژی 23ی شوبات، دەنگدەرانی ئەڵمانیا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانتارانیان و یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی بانگەشەش کۆچبەرانن.
عیرفان کەریم، ئەندامی سکرتاریەتی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی کۆچبەرانی عێراق لە ئەڵمانیا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "پارتە سیاسییەکان دەیانەوێت قەیرانی سیاسیی خۆیان بخەنە ئەستۆی پەنابەران، لە کاتێکدا لە ساڵانی دواییدا بەهۆی کۆرۆنا و شەڕی ئۆکرانیاوە قەیرانێکی ئابووری لە ئەڵمانیا دروست بووە."
ئەو ئەندامەی سکرتاریەتی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی کۆچبەرانی عێراق لە ئەڵمانیا گوتیشی، "سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، هێشتا ژمارەیەک لە پەنابەران کە بوونەتە هاووڵاتی ئەڵمانیا، گرنگی بە هەڵبژاردنەکە نادەن و ئامادە نین بچن دەنگ بدەن."
لەبارەی ژمارەی پەناخواز و پەنابەرانی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق، عیرفان کەریم گوتی، ساڵانە نزیکەی 5 بۆ 6 هەزار کەس لە باشووری کوردستان و عێراقەوە روو لە ئەڵمانیا دەکەن، بەگشتی ژمارەیان لەنێوان 150 بۆ 200 هەزار پەناخواز و پەنابەردایە.
بە گوتەی عیرفان کەریم، مەترسی لەسەر 10 هەزار پەناخوازی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق هەیە کە دیپۆرت بکرێنەوە.