پۆلیسی نەمسا: پەناخوازێکی سووریایی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ژمارەیەک خەڵک
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەمسا بڵاویکردەوە، لە باشووری وڵاتەکەیان کەسێک بە چەقۆ هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی. دەشڵێت، کەسێک کوژراوە و پەناخوازێکی سووریاییشیان بە تۆمەتی هێرشەکە دەستگیرکرد.
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، راینەر دیۆنیسۆ، گوتەبێژی پۆلیسی نەمسا رایگەیاند، "لە شاری فیلاخ کەسێک بە چەقۆ هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی".
شاری فیلاخ کەوتووەتە باشووری نەمسا.
گوتەبێژی پۆلیسی نەمسا ئاماژەی بەوەش کرد، "کوڕێکی تەمەن 14 ساڵان کوژراوە و چواری دیکەش بریندار بوون". ئاماژە بەوەش دەکات، پەناخوازێکی سووریایی تەمەن 23 ساڵانیان بە تۆمەتی هێرشەکە دەستگیرکردووە.
بە گوێرەی پۆلیسی نەمسا، رووداوەکە کاژێر 16:00 بەکاتی نەمسا (18:00 بەکاتی هەولێر) روویداوە.
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە رۆژی هەینی رابردوو، لە شاری میونشن، پەناخوازێکی ئەفغانی، بە ئۆتۆمبێل خۆی کرد بەنێو ژمارەیەک خەڵکدا. بە گوێرەی بەرپرسانی ئەڵمانیا، بەهۆی هێرشەکەوە دایک و کچێک گیانیان لەدەستدا و 37ـی دیکەش بریندار بوون.