وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەمریکا ویستی وڵاتەکەیان بۆ کارکردنی هاوبەش لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر کاری هاوبەش لەبارەی ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاویکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ و مارکۆ رۆبیۆ بە تەلەفۆن قسەیان کرد. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، "سێرگی لاڤرۆڤ و مارکۆ روبیۆ ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی هاوبەش، لەسەر ئەو بنەمایەی لەلایەن سەرۆکەکانەوە دیاریکراوە، دووپاتکردەوە." 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، "هەردوولا ویستی خۆیان بۆ کارکردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، دۆخی فەڵەستین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و پرسە ناوچەییەکان دیکەش پیشاندا". 
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا هاتووە، "هەردوولا لەسەر بەشداریکردن لە لووتکەی رووسیا - ئەمریکا لەسەر ئاستی باڵا رێککەوتن." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بە دەستپێشخەری ئەمریکا بوو". 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەبارەی پەیوەندییەکە گوتی، "لە پەیوەندییەکەدا جەختم لە پابەندیی سەرۆک ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان  بە جەنگی ئۆکراینا کردەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 12-02-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی (ترووس سۆشیال) رایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار و درێژم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتین کرد."
 
بەگوتەی ترەمپ، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، هەردوو سەرۆکەکە باسیان لە ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وزە، هێزی دۆلار، ژیریی دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە کردووە.
 
ترەمپ گوتی: "[لەگەڵ پووتین] رێککەوتین گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بوەستێنین و زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەین. هەروەها رێککەوتین سەردانی وڵاتی یەکدی بکەین."
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند: "سەرۆک پووتین بانگێشتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ ئەوەی سەردانی مۆسکۆ بکات."
 
ترەمپ باسی لەوەش کردووە، "رێککەوتین تیمەکانمان دەستبەجێ دەست بە دانوستاندنەکان بکەن. هەریەک لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA؛ مایکڵ وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دانوستاندنەکان دەکەن. من بڕوایەکی پتەوم هەیە دانوستاندنەکان سەرکەوتوو دەبن."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، لەبارەی ئەو تەلەفۆنەی لەگەڵ پووتین کردوویەتی، قسە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەکات. ترەمپ گوتی: "ملیۆنان خەڵک لەو جەنگە گیانیان لەدەستداوە کە ئەگەر من سەرۆک بوومایە رووینەدەدا، بەڵام روویدا و مەرجە بوەستێت. نابێت هیچ کەسی دیکە بکوژرێ."
 
کریملنیش لەبارەی پەیوەندییەکە رایگەیاند، پووتین بە ترەمپی گوتووە: "لە رێگەی گفتوگۆی ئاشتییەوە، ئەگەری هێوربوونەوەی تەنگژەکانی ئۆکراینا هەیە."
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاباسی لەوەش کرد، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نزیکەی کاژێر و نیوێکی خایاندووە. لەوکاتەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەم بووەتەوە سەرۆکی ئەمریکا، ئەمە یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنییەتی لەگەڵ پووتین کە مۆسکۆ پشتڕاستی کردووەتەوە.
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن رایگەیاند: "سەرۆک پووتین گوتی، هەموو هێورکردنەوەیەک پێویستی بەوەیە کێشەکان لە رەگەوە چارەسەر بکرێن."
 
بڕیارەکە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی رووسیا یەکەم کۆبوونەوەی نێوانیان لە سعودیە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆژەکەی دیارینەکراوە.