وەزیرێکی ئەڵمانیا بۆ رووداو: روانگەی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سووریاوە بۆ من بەسوود بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی دۆخی سووریایان کردووە و گوتی، "سەرۆک روانگەی خۆی لەسەر پێشهاتەکانی وڵاتەکە بۆ روون کردمەوە، ئەمە بۆ من زۆر بەسوود بوو."
 
رۆژی هەینی 14-02-2025 نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هانس گیۆرک ئیێنگلکە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا کۆبووەوە. وەزیرە ئەڵمانییەکە دوای کۆبوونەوەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو، رایگەیاند، "هاوکاریی باش لە نێوانمان هەیە و گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کرد. سوپاسی یەکدیمان کرد کە هاوبەشی متمانەپێکراوین لە ناوچەکەدا و دەمانەوێت ئەم هاوکارییە بەردەوام بێت."
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە دۆخی سووریا کردووە، "هیوادارین دۆخی ناخۆشی ئێستای سووریا باشتر بێت. ئەمە بۆ ئەڵمانیا زۆر گرنگە، چونکە خەڵکێکی زۆری سووریامان لایە. زۆریان دەیانەوێت بگەڕێنەوە و هەندێکیان دەیانەوێت بمێننەوە. ئەمە کاریگەریی زۆری لەسەر ئێمە هەیە. ئێمە خوازیاری سووریایەکی ئارام و سەقامگیر و دیموکراتین."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ هاوكاريى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەبارەی پرسى كۆچبه‌ران و كۆچى ناياسايى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تاوان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكيان (خسته‌ سەر) په‌يوه‌ندييه‌كان هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هانس گیۆرک ئیێنگلکە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا:
 
رووداو: پرسیارێکم هەیە لە ئێوە. ئەم دیدارە چەندە گرنگ بوو؟ لەسەر چی گفتوگۆتان کرد؟
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: هاوکاریی باشمان هەیە و گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کرد. سوپاسی یەکدیمان کرد کە هاوبەشی متمانەپێکراوین لە ناوچەکەدا و دەمانەوێت ئەم هاوکارییە بەردەوام بێت.
 
رووداو: باستان لە سووریا و کوردی سووریاش کرد؟
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: بەڵێ، باسی سووریامان کرد. نامەوێت باسی هەموو وردەکارییەکان بکەم، بەڵام دیارە هەموومان چاودێری پێشهاتەکان دەکەین و هیوادارین دۆخی ناخۆشی ئێستای سووریا باشتر بێت. ئەمە بۆ ئەڵمانیا زۆر گرنگە، چونکە خەڵکێکی زۆری سووریامان لایە. زۆریان دەیانەوێت بگەڕێنەوە و هەندێکیان دەیانەوێت بمێننەوە. ئەمە کاریگەریی زۆری لەسەر ئێمە هەیە. ئێمە خوازیاری سووریایەکی ئارام و سەقامگیر و دیموکراتین.
 
رووداو: دیدارەکەتان لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چەندە یارمەتیدەر بوو بۆ هاوکاری بۆ سووریا؟
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: سەرۆک روانگەی خۆی لەسەر پێشهاتەکانی وڵاتەکە بۆ روون کردمەوە و ئەمە بۆ من زۆر بەسوود بوو، چونکە پێمانوایە سەرۆک کەسێکی باشە بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە و شارەزای کولتووری ناوچەکەیە. هەمیشە سوودبەخشە بزانین خەڵکی دیکە چۆن لە شتەکان دەڕوانن.
 
رووداو: چاوەڕێی چی دەکەن لە گوتاری جێگری سەرۆکی ئەمریکا؟
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: چاوەڕوانم. زۆر چاوەڕوانم. دەچین بۆی. پێموایە رۆژێکی مێژوویی دەبێت.
 
رووداو: لە چ رووێکەوە مەبەستتە؟
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: هێشتا نازانم بە تەواوی. هەر بۆیەشە زۆر چاوەڕوانم. ئەگەر بمزانیبایە...
 
رووداو: ئەوروپا چاوەڕێی چی دەکات؟
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: پێموایە ئەمریکییەکان دەیانەوێت ئێمە زیاتر پابەند بکەن و لە هەندێک رووەوە ئەمەش راستە. تەنیا هیوادارم بنەماکانی هاوکاریمان هەروەک پێشوو باش بمێنێتەوە. دەبێت چاوەڕێ بکەین.
 
رووداو: ئایا ئەڵمانیا هیوای بە کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا هەیە؟
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: بێگومان 1.2 ملیۆن کەسی ئۆکرانیمان لێرە حەواندووەتەوە و بە خۆشحاڵیشەوە ئەمە دەکەین. بەڵام دۆخەکە نامرۆڤانەیە. دەبێت رۆژێک ئەم شەڕە کۆتایی بێت.
 
رووداو: بە چ رێککەوتنێک؟
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: راستییەکەی نازانم. ئەگەر بشمزانیبایە، نەمدەویست لە تەلەفزیۆن باسی بکەم.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ دیدارەکە.
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: زۆر سوپاس. ئێوە لە کوێوە هاتوون؟
 
رووداو: لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە.
 
هانس گیۆرک ئیێنگلکە: سوپاس.